بژێوى ژیانى لەسەر ئەوەیە

چیرۆکى ژنێکی غەریبە؛ بۆ تاڵى رۆژگار شیرینى دەفرۆشێت

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ژنێکى غەریبەى تەمەن 55 ساڵە، رۆژانە لە گەڕەکى چوارباخەوە پاڵ بە عەرەبانە سێ تاییەکەیەوە دەنێت دە دەگات بە نێو بازاڕى سلێمانى، لەوێ بۆ تاڵى رۆژگار و بژێوى خێزانەکەی، شیرینى دەفرۆشێت.

شوکرى خودا دەکەم

ماجیدە عەبدولرەحیم، دانیشتووى گەڕەکى چوارباخ لە شارى سلێمانى، سەرپەرشتیارى خێزانەکەیەتى و سێ کچ و مێردە نەخۆشەکەى بە عەرەبانەیەکى سێ تایى دەژیەنێت و کرێى خانووەکەیانە کە 250 هەزار دینارە، بەو حەوت هەشت هەزارە دەدات کە رۆژانە پەیداى دەکات.

ماجیدە تاڵى و ناڕەحەتى ژیان لە رووخسارى بەدی دەکرێت، بەڵام لوتفى دەچێتەوە سەر ئەو شیرینییەى دەیفرۆشێت و قسەو باسى ژیانى خۆی و دەردە دڵەکانى بۆ 964 کرد.

ئەو دەمنادەم دەڵێت،”شوکرى خودا دەکەم و خودا خۆى باشتر دەزانێت”.

ئەو ژنە کە ئەرکى بژێوى خێزانەکەى گرتووەتە ئەستۆ، لەلایەک خەرجى سێ کچە قوتابییەکەى و مێردە نەخۆشەکەى و کرێى خانووەکەى، رەنگى لە رووخسارى تۆراندووە و بەزمانى بەرۆژووەوە بە دیار پسکیت و لوقمەکانییەوە وەستاوە، بە ئومێدى ئەوەى بەربانگێکى شیرین بۆ خێزانەکەى بباتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح