چوار ماڵیان رووتاندووەتەوە
“گیڤارا یاخی و زەردەی پێ پان” لە هەولێر دەستگیرکران
964+
شۆڕش قادری
دوو کەس بەناوی “گیڤارا یاخی و زەردەی پێ پان” لە تیکتۆک دەرکەوتوون و لە هەولێریش دزییان لە چەند ماڵێک کردووە، پۆلیس پێیانیزانی و دەستگیری کردن.
نەقیب کارزان ساڵح وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە 964ـی وت، ” دوو تۆمەتبارمان بە ناوەکانی (س. ش. ک) و (د. د. ح) بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن دەستگیر کرد کە لە ماوەی یەک شەودا چوار تاوانی دزییان لە چوار ماڵی جیاواز ئەنجام دابوو و لە کۆی هەر چوار دزییەکە، بڕی 25 مسقاڵ ئاڵتون و زیاتر لە 3500 دۆلار و دوو مۆبایل و یەک ئایپادیان، دزیبوو”.
“ئەو دوو کەسە لە تیکتۆک نازناوی گیڤارا یاخی و زەردەی پێ پانـیان لەخۆیان ناوە و لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن لە یەکێک لە ماڵەکانیش، بە چەک هەڕەشەیان لە خاوەنی ماڵەکە کردووە”، کارزان ساڵح وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تۆمارکردنی سکاڵا، توانیمان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتباران دەستگیر بکەین و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، چەکی بێ مۆڵەتیان لابوو و دەست بەسەر چەکاکانیشیاندا گیرا.