دیمەنێكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران
لیستی موچەی مانگی 3 ئامادە بكەن
حكومەتی هەرێم لە قەرزی خاوەن پێداویستە تایبەتەكان و قەرزی بچوک خۆش دەبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەزارەت و دامەزراوەکانی راسپارد هەرچی زووە لیستی موچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت، ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی دا بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی بچوك و قەرزی پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستە تایبەتەكان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12.3.2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆك و وەزیرەكان ئەنجام دا.
دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە، وەك فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەمانە بوون:
لێخۆشبوون لە قیستەکانی سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە سوودمەندەکانیان کۆچی دواییان کردووە.
بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستيی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتووە.
سەرۆک وەزیران وەزارەت و دامەزراوەکانی راسپارد هەرچی زووە لیستی موچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت و پێش جەژن موچەکە بدرێ.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە، بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
گفتوگۆ لە بارەی دیاریکردنی رۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە رۆژژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران رێکاری یاسایی و تەشریعیی پێویست لەمبارەوە بگرنەبەر.