5000 قه‌ڵه‌مى هه‌ناریشیان به دیاری بۆ بردوون
ئه‌مڕۆ كاكه‌ییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه و سلێمانى و كه‌ركوك له شنگال مۆسیقا ده‌ژه‌نن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كاكه‌ییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه و سلێمانى و كه‌ركوك ئه‌مڕۆ له شنگال ده‌بن، هه‌م مۆسیقا ده‌ژه‌نن و هه‌میش ئه‌و پێنج هه‌زارقه‌ڵه‌م هه‌ناره‌یان به دیاری پێده‌ده‌ن كه له هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامانه‌وه بۆیان ئاماده‌كردوون به‌مه‌به‌ستى چاندن و په‌ره‌پێدانى هه‌نار له سنوورى شنگال.
هاتنى كاكه‌ییه‌كان بۆ شنگال له‌لایه‌ن رێكخراوى (بیت التعایش) ماڵى پێكه‌وه‌ژیانه‌وه رێكخراوه، ئامانجیش لێی زیاتر ئاشنابوونى كاكه‌یی و ئێزدییه‌كان له‌رووى هونه‌ر و ئایین و كلتووره‌كانیانه‌وه.
د.میرزا دنایى، دامه‌زرێنه‌رى ماڵى پێكه‌وه‌ژیان له شنگال به 964ـى وت، یه‌كه‌مجاره ئه‌مه له سنوورى شنگال رووده‌دات و ده‌یانه‌وێت برایه‌تیان به‌هێز و تێكه‌ڵاوییه‌كى به‌هێزتریش له‌نێوان كلتوور و هونه‌رى ئێزدی و كاكه‌ییه‌كاندا هه‌بێت.
وتیشی “كاتژمێر 6:00ـى ئێواره هه‌ردوو تیپی هونه‌رى هامڕازى كاكه‌یی و میرزوى ئێزدی ئاهه‌نگێكی هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و هونه‌ره‌كانیان تێكه‌ڵ به‌یه‌كترى ده‌كه‌ن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد شاندى برا كاكه‌ییه‌كان له نوێنه‌رانى هه‌ڵه‌بجه و سلێمانى و كه‌ركوك گه‌یشتوونه‌ته شنگال و رێكخراوى شنروێشیان له‌گه‌ڵدایه.
“له هه‌ڵه‌بجه پێنج هه‌زار قه‌ڵه‌مى هه‌ناریان بۆ هێناوین بۆ ئه‌وه‌ى لێره بیانكه‌ین به شه‌تڵ و له سنوورى شنگال بیانچێنین” د.میرزا دنایى واى وت.
بریاره شاندى كاكه‌ییه‌كان چه‌ند رۆژێك له شنگال بمێننه‌وه بۆ به‌شدارى چه‌ند چالاكییه‌كى رۆشنبیری و ژینگه‌یی و سه‌ردانى كۆجۆ و ئه‌و ناوچانه‌ش بكه‌ن كه كۆمه‌ڵكوژییان تێدا روویداوه.