"کورد هەمیشە لێبوردە بووە"
لە رۆژى راپەڕین ژن و منداڵى ئەمنەکان پارێزران و دەستیان لێنەدرا
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
شایەدحاڵێکى راپەڕینى سلێمانى، چیرۆکى ئازادکردنى ئەمنە سورەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، دەرگا بۆ ژن و منداڵ و خێزانى ئەمنەکان کرایەوە کە دەربچن و پەنجەیەکیان بەخوێن نەهات.
ئەمڕۆ 34 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر راپەڕین و ئازادكردنی شاری سلێمانی، لەژێردەستی رژێمی بەعس و رۆژێک دواتر ئەمنە سورەکەى سلێمانى ئازاد کرا.
ژین کەمال جەلال یەکێک لە بەشداربووان و شایەدحاڵى رزگارکردنى ئەمنە سورەکە بۆ 964 قسەى کرد و وتی،”7.3.1991 خۆشترین بیرەوەری ژیانمە و گەیشتومەتە ئەم تەمەنەو تائێستا بیرم نەچووەتەوە و لەبیرم ناچێتەوە”.
باسى لەوەشکرد، رۆژی راپەرین سلێمانی لە هێزەكانی بەعس پاككرایەوە و بۆ رۆژی دواتر چواردەوری ئەمنە سورەكە گیرا و لە بەیانی زووەشەوە دەستی پێكرد تا دەورووبەری 12ـی نیوەڕۆ، دواتر لەرێگەی بەنزین و قازیفەوە بینای ئەمنە سورەكە سوتێنرا.
“لەرێگەی بڵندگۆوە هێزەكانی بەعس داوایانكرد بۆ نیو كاتژمێر شەڕەكە بوەستێت بۆئەوەی كەسوكارەكانیان لەئەمنە سورەكە بچنەدەرەوە، لایەنی مرۆڤدۆستی كورد ئەوەنە گەورەبوو رێگایاندا بە دەرچوونی خێزان و كەسوكاری ئەمنەكان، لەكاتێكدا سێ ساڵ پێشتر خەڵكی كوردستان بەدەستی ئەم هێزانە ئەنفال كران، دواتریش بەسەرپەرشتی هێزەكانی پێشمەرگە خێزان و كەسوكارەكانیان بەڕێزەوە بەرەو كەركوك بەڕێكران، ئەوەش دەرخەرى ئەوەیە کورد لێبوردەیە و حەزى لە کوشت و بڕین نییە”، ئەو شایەدحاڵە واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح