کێڵگەیەکەی بەرهەهێنانی نەوت _ وێنە: INA
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بەغدا بێ ئەنجام بوو
پێناچێت بەم زووانە نەوتی كوردستان هەناردە بكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لە بەغدا لە بارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە هەبوو، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەكانی نزیك لە وەزارەتی نەوتی عێراق، كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام بووە.
كۆبوونەوەكە لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان “ئەپیكۆر” بوو.
كۆبوونەوەكە دوای كۆبوونەوەی یەكشەممەی رابردوو دێت، هەروەها كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەبوو سێشەممە بكرایە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەبێ ئەنجام كۆتایی هات.
پێشتر رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و هەرێم كرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، كە لە قۆناغی یەكەم رۆژانە 300 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنرێت و 185 هەزاری بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە بكرێت 115 هەزار بەرمیلیش بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ بەكار بهێنرێت.
لەوەتەی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە و پێشتر رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس، كە بۆ بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق بڕیاری دا، هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا.