کونسوڵی نوێی ئەرمینیا لەگەڵ ئەنجومەنی ژووری بازرگانیی هەولێر
90% بەر كوردستان دەكەوێت
250 ملیۆن دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئەرمینیایە
ئەرسەلان عەبدوڵا
کونسوڵی نوێی ئەرمینیا لە شاری هەولێر ئاشكرای دەكات، قەبارەی بازرگانیی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان 250 ملیۆن دۆلار بووە لە 2024، لەو بڕەش زیاتر لە 90%ی بازرگانییەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بووە، ئەندامێكی ژووری بازرگانیی هەولێریش دەڵێت، شتومەكی وەك ئاژەڵ و شیرینی و خواردنەوەكان لە ئەرمینیاوە دێتە كوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.3.2025 كۆبوونەوەیەك لە نێوان کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ئەندامانی ژوورەكە، لەگەڵ رافایل ڤسیسیان، كونسوڵی نوێی کونسوڵخانەی گشتیی ئەرمینیا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
بە پێی راگەیاندراوی ژووری بازرگانی هەولێر، لە كۆبوونەوەكەدا پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان دووپاتی لەسەر کراوەتەوە.
کونسوڵی نوێی ئەرمینیا ئاشكرای كردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەرمینیا لە ساڵی 2024، 250 مليۆن دۆلار بووە، زیاتر 90% ئەم رێژەیە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
ئاماژەی بەوەش داوە، كار لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن و هەموو ئاسانکارییەك بۆ بازرگانان و خاوەنکارانی ئەندام لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دەکەن بۆ گەشتکردنیان بۆ وڵاتی ئەرمینا بە مەبەستی کاری بازرگانی.
هاوكات ژووری بازرگانیی هەولێریش ئەوەیان بۆ كونسوڵی ئەرمینیا دووپاتكردووەتەوە، ئامادەن بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەك و رێکخستنی دیداری بازرگانی، بۆ کۆمپانیا و خاوەنکارانی ئەرمینیا، کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە لای خۆیەوە كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانیی هەولێر بە 964ی راگەیاند، ئەو شتومەكانەی ئەرمینیا، كە دێنە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق پێكدێن لە شیرینی و نەستەڵە، میوە و قەیسی وشك، ئاژەڵ و هەندێك لە خواردنەوەكان.
ئاشكراشی كرد، بازرگانانی ئەرمینیاش ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەن، بەرهەمی خۆماڵیی كوردستان، لە شێوەی هەنگوین، هەنار، پەتاتە و شتی دیكەش لە كوردستانەوە هاوردەی وڵاتەكەیان بكەن، بە گشتی پەیوەندییەكی باشی بازرگانی لە نێوان هەردوولا هەیە.