بۆ فێرکردنی قوتابیانی هەندەران بە زمانی کوردی

لێکتێگەیشتنێک لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و رەوەندی کوردی ئیمزا کرا

964+

شۆڕش قادری

بۆ فێرکردنی قوتابیانی دەرەوەی وڵات بە زمانی کوردی و سوودمەندبوونیان لە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردەی کوردستان، لێکتێگەیشتنێک لەنێوان وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردی ئیمزا کرا.

سامان سیوەلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە 964ـی وت، “وەکوو وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی 2022ـەوە لەگەڵ کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ فێرکردنی ئەو قوتابیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، بە نوسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی”.

“تا ئەم ساتە وەختە چوار کۆرسمان کردووەتەوە و هەزار قوتابی لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون کە لە هەرێمی کوردستانەوە و بە ئۆنلاین وانەکانیان پێ دەڵێینەوە”، سامان سیوەیلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەفێرکردنی قوتابیانی دەرەوەی وڵات بە زمانی کوردی، ئاشنایان دەکەن بە بۆنە نەتەوایەتییەکان و هەندێک وانەی کەلتوریشیان پێدەڵێنەوە.

بەقسەی سامان سیوەیلی ئەمڕۆ سێشەممە 4.3.2025 وەزارەتی پەروەردە و کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزا کردووە بۆ ئەوەی ئەو پرسە بەدامەزراوەیی بکەن و بۆ لەمەودوا ئەو قوتابخانە کوردیانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن، لەگەڵ ئەو قوتابی و مامۆستایانەی لەرێی ئەم پڕۆژەیەوە فێری زمانی کوردی دەکرێن، کۆدیان بۆ دروست بکرێت، دواتر داخلی سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیان دەکەن و سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی وەزارەتی پەروەردە.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا وانەیان بە قوتابیانی پۆلەکانی یەک تا چواری سەرەتایی لە دەرەوەی وڵات وتۆتەوە، هەوڵ هەیە بە پۆلەکانی دیکەش بڵێنەوە و کۆرسەکانیش فراوانتر دەکەن، فێرکردنی زمانی لاتینیش بە کۆرسەکان زیاد دەکەن، کە لە ئێستادا تەنها زمانی سۆران و بادینی تێدایە.

سامان سیوەیلی ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا تەنیا دوو مامۆستا وانەکان دەڵێنەوە، بەڵام ژمارەیان زیاد دەکەن و دەیانکەن بە 20 مامۆستا.

پەناگە ئارامەکەی ئەوروپاش بۆ کوردان ئارام نیە

پەناگە ئارامەکەی ئەوروپاش بۆ کوردان ئارام نیە