وێنەی رەسوڵ عوسمان، لەناو گۆڕی خوشکەکەی _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە تەنیشت یەک بەخاکسپێردران
براکەی گۆڕی بۆ خوشکەکەی ئامادە دەکرد، خۆی لەناویدا گیانی لەدەستدا
964+
محەمەد عەلی
لە گوندی هەڵوێ-ی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان موعجزە روویداوە، وەرن بخوێنەوە و بزانن قەدەرەکەیان، چۆن گیان لەدەستدانی خوشکێکی ئاوێتە کردووە، بە گیان لەدەستدانی براکەی، کاتێک لەگەڵ قەوم و قیلە گۆڕیان بۆ هەڵکەندووە.
رەسوڵ عوسمان، دانیشتوویەکی گوندی هەڵوێیە لە سەردەشت، کاتێک خوشکە گەورەکەی کە ناوی پورە مرۆتی بووە و لە تەمەنی 70 ساڵی گیانی لەدەستداوە، خۆی لەگەڵ قەومەکانی دەچن تا لە گۆڕستانی گوند گۆڕی بۆ هەڵبکەنن، بەڵام وەک کەسوکارەکەی باسی بۆ 964ی باس دەکەن، لە پەرۆشی بۆ گیان لەدەستدانی خوشکەکەی، لەناو گۆڕە هەڵکەندراوەکەدا رەسوڵی برای گیانی لە دەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.3.2025، ئەبوبەکر رەحمان، یەکێک لە کەسوکاری رەسوڵ عوسمان لە سەردەشتەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 04:30 خولەکی بەیانی روویداوە، کاتێک تەرمی پورە مرۆتی کفن و دفن کراوە و پیاوان نوێژیان لەسەری کردووە، ئەوان لە گۆرستان بوون تا ماڵە هەمیشەییەکەی ئامادە بکەن.
گۆڕەکە نزیک دەبێت لەوەی ئامادەبێ بۆ تەرمی خوشکەکەی، رەسوڵ عوسمان، دەچێتە ناو گۆڕەکە و بە پاچ هەڵکۆڵینی بۆ دەکات، بەڵام لە پڕێکدا ئەو پاچەی دەیەوێت بیدات لە خۆڵەکە و خستوویەتیە سەر شانی هێزی نامێنێ و دەکەوێ، هەر لەناو گۆڕەکەدا گیان لەدەست دەدات،
رووداوەکە بەجۆرێک بووە هاوکار و خزمەکانی تووشت سەرسوڕمان کردووە، ئەبوبەکرد رەحمان وتی، سەرەتا وامان زانیوە، لە دەستدەرچوون یان شۆیەک بووە کردوویەتی، بەڵام دەرکەتووە هەر لە ناو گۆڕی خوشکەکەیدا گیانی لەدەستداوە، دواتر لەتەنیشت گۆڕی خوشکەکەی ئەویش بەخاک سپێردراوە.
رەسوڵ عوسمان، تەمەنی 65 ساڵە جگە لە هاوژینەکەی، حەوت منداڵی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا