ساغکردنەوە؛ سلێمانی بەرهەمە پەلەوەرییەکانی تورکیا هاوردە دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دوای ئەوەی چەند میدیایەک بڵاویانکردەوە، کە دووبارە پارێزگای سلێمانی بەرهەمە پەلەوەرییەکانی تورکیا هاوردە ناکات، تۆڕی 964 لە بەدواداچوونێکدا راستیی ئەو پرسەی ساغکردەوە و دەرکەوت ئەو پارێزگایە پابەندی بڕیاری گومرگی هەرێمە.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نووسراوێک کە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری وەزارەتەکەی بەسەرەوە بوو، هاوردەکردنی سەرجەم بەرهەمە پەلەوەرییەکانی لە تورکیاوە قەدەغە کرد بەهۆی بوونی ئەنفلۆنزای باڵندە لەو وڵاتە.
بەڵام رۆژی دواتر و لە 7ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێم لە نووسراوێکدا ئەو قەدەغەکردنەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەیوەندییان پێوەکراوە ئەو بڕیارە هەڵبووەشێننەوە.
دواتر لە چەند میدیایەک وا بڵاوکرایەوە جارێکی تر بڕیاری قەدەغەکردنەکە دووبارە دەرکراوەتەوە و پارێزگای سلێمانیش ئەو بەرهەمانە لە تورکیاوە هەناردە ناکات.
تۆڕی 964 لە زاری هیوا عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمەوە دەزانێت، هیچ بڕیارێکی نوێ دەرنەچووە، “هەر گۆڕانکارییەک لەو بڕیارەدا بکرێت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و ئەنجومەنی وەزیراندا دەکرێت، ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ رێکارەکانی خۆمان ئەنجامداوە”.
لەسەر هەمان پرس شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند “ئەوە راست نییە کە ئێمە رێگریمان کردبێت لە هاوردەکردنی بەرهەمە پەلەوەرییەکانی تورکیا”.
دەشڵێت؛ نەخۆشیی ئەنفلۆنزا لە تورکیا بڵاوبووەتەوە، نووسراویان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە بۆ ئەوەی ئاخۆ دوایین زانیاری لەسەر ئەو بابەتە چییە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.