بە سوود وەرگرتن لە با
ئەم پیاوە بە پارچەی غەسالە و سپلێت کارەبای بەرهەم هێناوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە گوندی گۆمەشینی سەر بە قەزای کۆیە، پیاوێک کە پیشەی کارمەندی تەندروستییە بە هۆی خراپی کارەبای گوندەکەی و حەزی بۆ کاری کارەبایی، توانیوویەتی لە رێگەی باوە بە پێکهێنانی چەند کەلوپەلێکی بەکارهاتوو چەند ئەمپێرێکی کارەبا بۆ ماڵەکەی دابین بکات.
بەرێژەیەکی بەرچاو، کارەبای گوندەکە لە کاتژمێر 4:00ی ئێوارە هەیە بۆ 12:00ی شەو، ئەویش بە قسەی خۆی چەندجارێک دەکوژێتەوە، بەڵام ئێستا ئەو لە دەرئەنجامی کارەکەی 400 بۆ 750 وات کارەبای دەستدەکەوێ.
سەلام نەجمەدین ئەو پیاوەیە کە لە رێگەی باوە کارەباکەی دروست کردووە، بۆ 964 وتی، بە هۆی ئەوەی ئەو گوندە رێژەیەکی باشی بای بەردەوام هەیە و خراپی دۆخی کارەباکەشمان بوویتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەمەوە شتێک دروست بکەم لەو سوود ببینم و کارەبای لێبەرهەم بهێنم، بۆ ئەنجامدانی کارەکەش سوودم لە ڤیدیۆی یوتوب بینیوە و خۆم فێکردووە.
وتیشی، لە رێگەی کەلوپەلی بەکارهاتووەوە ئامێرەکەم دروست کردووە، لە پارچەی ئامێری جلشۆرین و سپلیتەوە لەگەڵ کۆمەڵێک پاتری کە کارەباکە شەحن دەکات، ئامێرەکەم پێکهێناوە و توانیومە چەند ئەمپێرێک کارەبا بەرهەم بهێنم، هەر کاتێکیش بای باش بێت کارەباکەش ئەمپێری زیاد دەبێت.
وەک خۆی باسی دەکات ئەگەر حکومەت هاوکار بێت دەتوانێت کارەبای زۆر شوێنی ناوچەکەی خۆی و دەوروبەریشی دابین بکات بەو مەرجەی ئەو ئامێرانەی بۆ دابینبکرێت، چونکە با لەو ناوچانە زۆرە بە هۆی بوونی چیا و بەرزی و نزمی شوێنەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا