قسەی بریکاری وەزارەتی نەوتە

کوردستان؛ قۆناغی یەكەمی وەبەرهێنانی غاز 300 ملیۆن پێ سێجا دەبێ


ئەحمەد مستەفا

سەرجەم پڕۆژەكانی غاز لە هەرێمی كوردستان، رادەستی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كراون بەپێی گرێبەست و لە كۆتایی 2027 كاركردن لە سەرجەمیان دەستپێدەكات، ئەمە تازەترین لێدوانی بریکاری نەوتی عێراقە.

ئامانجی بنەڕەتی وا پلان ڕێژ کراوە، سوتاندنی غاز بەتەواوی كۆتایی پێ بێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباحی عێراقی، عیزەت سابر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق وتوویەتی، هەوڵی وەزارەتەکەی بۆ زیادكردنی وەبەرهێنانی غاز لە عێراق گەشەی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك توانراوە رێژەی سووتانی غاز بە رێژەی 13% كەمبكرێتەوە، كە وایكردووە رێژەكە ئێستا بۆ 67% بەرزببێتەوە، لەكاتێكدا پێشتر 53% بووە.

بەپێی ئەو مەزەندەی بۆی کراوە، قۆناغی یەكەمی وەبەرهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان 300 ملیۆن پێ سێجا دەبێ، سەرجەم ئەو پرۆژانەش كە پەیوەندییان بە غازەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان رەوانەی كۆمپانیا جیهانییەكان كراون و لە كۆتایی ساڵی 2027 كاركردن لە سەرجەمیان دەستپێدەكات.