بەهای دینار بەرزبووەوە
بازرگانەكان لە بازاڕ دۆلار ناكڕن و نرخەكەی دابەزی
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار دینار لە نرخەکەی لەدەستداوە، ئەمڕۆش نرخەكەی زیاتر دابەزی.
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دۆلاری هەولێر، هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلاری بۆ 964 باس كرد، “ماوەیەکە دۆلار لە بازاڕ زۆرە و بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری زۆر دەخاتە ناو بازاڕ، لە لایەکی دیکەش بازرگانەکان ئێستا لە رێگای بانکەوە دۆلار بە هەرزانتر وەردەگرن و دۆلاری ناو بازاڕیان ناوێت، تەنانەت بەشێكیان خۆیان دۆلار لە بازاڕ دەفرۆشن”.
وتیشی، “لە رۆژانی داهاتوودا لەوانەیە نرخەکەی بگات بە 147هەزار و لەوانەشە زیاتر دابەزێت، كەس نازانێت چۆن دەبێت”.
لە ناو بازاڕەکانی ئالوگۆڕی دۆلاردا، نرخی ئێستای دۆلار بە 146 هەزار دەکڕدرێت و بە 146 هەزار و 500 دینار دەفرۆشێتە هاوڵاتیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا