لە سەنتەری شار

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر فێستیڤاڵی رەمەزان رێكدەخات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر، فێستیڤاڵێك لە سەنتەری شار بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز رێكدەخات، سەرۆكی شارەوانییش دەڵێت، شەوان رێگای بەردەم قەڵا دادەخەین.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كارزان عەبدولهادی، ئەمڕۆ یەكشەممە 2.3.2025 بە 964ی راگەیاند، “گەورەترین فیستیڤاڵ بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە ژێر سێبەری قەڵا لە بەردەم پارکی شار ساز دەکەین” .

وتیشی، فێستیڤاڵەكە خێزانییە و بە مەبەستی دروستكردنی كەشێكی خۆشە بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران، 40 كۆشكمان دروست كردووە و بە موزایەدە دەیدەین بە كاسبكاران”.

“رۆژی سێشەممە كاتژمێر 10ی بەیانی لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر موزادەیە بۆ 40 كۆشكەكە دەكەین، هەر هاوڵاتییەك بۆی هەیە یەك كۆشك بە كرێ بگرێ و بەهۆیەوە لە فێستیڤاڵەكە بەشدار بێت، كە بۆ خواردنی کوردەواری، خواردنی بیانی، کاری دەستی و چالاکی هونەری شتی جۆراوجۆرە و شەوانی رەمەزان دەكرێتەوە”، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر وای وت.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی دەیانەوێت كۆشك بە كرێ بگرن، پێویستە لە رۆژی موزایەدە بڕوانامەی کار، مۆڵەتی تەندروستی و نموونەی کاری هاوشێوە لەگەڵ خۆیان بهێنن.

لەگەڵ دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكە رێگەی بەردەم قەڵا و دەوروبەری پاركی نافورە دادەخەین و تەنیا بە پیادە هاتوچۆ دەبێت، ئەمەش قسەی سەرۆكی شارەوانیی هەولێرە.

لە ماوەی رابردوو پێش هاتنی سەری ساڵی نوێی 2025، فێستێڤاڵێكی هاوشێوە لە هەمان شوێن بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەڕێوەچوو.

لە سلێمانی 100 کۆمپانیا لە فێستیڤاڵی پێشوازی رەمەزان بە...

لە سلێمانی 100 کۆمپانیا لە فێستیڤاڵی پێشوازی رەمەزان بەشداردەبن