پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون _ وێنە: 964
بەخشینی دەوڵەمەند و بازرگانانە
ئەم رەمەزانەش 30 یەکە بۆ کەمدەرامەتەکانی زاخۆ ئامادەن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لەگەڵ بە ئیدارەبوونی زاخۆ و لە یەکەم رەمەزانی ساڵی 2021 وە، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە 30 خانووی پێشکەش بە خێزانە کەمدەرامەتەکان کرد و دواتر کردیە پلان بۆ هەموو رەمەزانێک و ماوەی پێنج ساڵە هەموو رۆژێکی مانگی رەمەزان خانوویەک یان شوقەیەک بەخێزانێکی کەمدەرامەت دەدەن.
لە یەکەم رۆژی رەمەزانی ئەمساڵ، لیژنەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەردانی ماڵێکیان کرد و خانویەکیان پێشکەش بە پیاوە نابینا و هاوسەرەکەی کرد، کە نەخوشی ماوە درێژی هەیە، ژمارەی خانوو و یەکەی نێشتەجێبوون لەم رەمەزانەدا دەگەنە 150 دانە.
سندی تەیب، کەسایەتی نابینا و سودمەند لە وەرگرتنی خانوو بە 964 وت، زۆر دڵخۆشم و سوپاسی ئیدارەی زاخۆ دەکەم، لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، ئەم دڵخوشیەمانی بۆ دروستکردین، هیواخوازم هاوکاری تەواوی هەژاران بن.
جوتیار خدر، سەرپەرشتی پرۆژەی ئیدارەی زاخۆ بۆ پێشکەشکردنی یەکەکان بە 964 وت، سوپاسی ئەو دەوڵەمەند و بازرگانانە دەکەین کە هاوکارمان بوون و دەستپێشخەریان کرد بۆ ئەم کارە خێرخوازییە، بەردەوامیش دەبین لەهەنگاوی هاوشێوە.
زاخۆ، جگە لەوەی هەموو رەمەزانێک یەکەی نێشتەجێبوون بەخێزانە کەم دەرامەتەکان دەدات، لە بازاڕیش خۆراک و خواردەمەنی هەرزان دەکاتەوە و بۆ ئەمساڵیش نزیکەی 30 سەمونخانەیان دەستنیشانکردووە بێ بەرامبەر نان بەهاوڵاتیانی هەژار دەدەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا