"خواست چوار ئەوەندەی بەرهەمە"
غازی عەمبارکراو فریای خواستە زۆرەکەی غاز لە سلێمانی کەوت
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی ساڵانە لەوەرزی پایزدا كارگەكانی غاز پابەند دەکرێن، بە پڕۆسەی عەمباركردنی غاز وەكو ئامادەكارییەك بۆ رووبەڕووبونەوەی سەرماو سۆڵەی وەرزی زستان، بەرپرسی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی دەڵێت، “ئەگەر ئەو عەمباركردنە نەبووایە، بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ گرفتمان بۆ دروست دەبوو”.
لەسلێمانی 22 كارگەی غاز هەیە، كە بەشێكیان خەزانی عەمباركردنی غازیان هەیە و چەند كارگەیەكیشیان لەتوانایاندایە لە نێوان 300 بۆ 400 تۆن غاز عەمبار بكەن، ئەوە لە کاتێکدا مانگانە 360 تانكەر غازی لە كێڵگەی كۆڕمۆرەوە بەدەست دەگات، كە لەو رێژەیە 181 تانكەری بۆ ناوشارە و 179 تانكەری بۆ دەرەوەی شار دەڕوات.
لەبارەی غازی عەمباركراوی كارگەكان، ئەمڕۆ هەینی، 28.2.2025 عومەر عەبدوڵا بەرپرسی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە 964ی وت، لە مانگی شوباتەوە، بەهۆی چلەی زستان و سەرماو سۆڵەوە، خواستی غاز لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیادی کردووە، هەرچەندە بڕی 24 تانكەر غازمان كەمتر بەدەست دەگات لەمانگەكەدا، بەڵام توانیومانە بەو یەدەگەی كە لەبەردەستمان بووە پێداویستیەكانمان پڕبكەینەوە و نەمانهێشتووە گرفت دروست ببێت.
بە بڕیارێک، ساڵانە لە مانگی نۆ وە تاوەكو كۆتایی مانگی 11، كارگەكان پابەند دەكەین بە عەمباركردنی غاز، بۆئەوەی لەوەرزی سەرما كۆنتڕۆڵی دۆخەكەی پێ بكرێ، ئەو بەڕێوەبەری بەشی سوتەمەنییە وتی، داوامان كردووە لەو كارگانەی كە خەزانیان نییە بۆ ساڵی ئایندە خەزانی گەورە ئامادە بكەن.
باسی لەوەشکرد، لە وەرزی پایزدا، بڕی عەمباركراومان گەیاندە دوو هەزار و 700 تۆن، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری خواستەوە ئەو بڕە دابەزیووە بۆ نزیكەی 400 تۆن، رۆژی پێنجشەممە 15 هەزار و 700 بتڵ غازمان دابەشكردووە، كەدەكاتە 190 تۆن، هەموو رۆژانی شەممەی سەرەتای هەفتەیەكیش خواستمان بەرزدەبێتەوە بۆ نزیكی چوار ئەوەندەی كە بەدەستمان دەگات كە خۆی لە 400 تۆن دەدات، لە كاتێكدا بەشە غازی خۆمان لە نێوان 110 بۆ 115 تۆنی رۆژانەیە.
“رۆژانە شەش تانكەر غاز بۆ ناوشار دەگات لەو بڕەش تەنیا دوو تانكەریان بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت، چوار تانكەریان بۆ هوتێل، چێشتخانە و نانەواخانەكان دەڕوات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی شوێنەگشتییەكان ئێستا روویانكردووەتەوە بەكارهێنانی بتڵی غازی ماڵان، بەهۆی هەرزانی نرخەكەی لەچاو نرخی غازی بازرگانی” عومەر عەبدوڵا وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا