جێی ژووان چارەسەر بکەن

یانەی نەورۆز و هاندەرەکانی.. چیرۆکی عەشقێکی دانەبڕاو

+964

دیلان محەمەد

ئێستا پەیوەندی و گرێدراوی یانەی نەورۆز و هاندەرەکانی، بووەتە چیرۆکی عەشقێکی دانەبڕاو، رۆژ دوای رۆژیش ئەم خۆشەویستییە گەورەتر دەبێت، بەڵام بێ كۆسپ و تەگەرەش نییە.

ئەو رۆژەی یانەی نەورۆز یاریی هەبێت، سلێمانی دەڵێی لە ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێکی گەورەدایە، هەزاران کەس روویان لە یاریگەکە ناوەوە و دەیانەوێت پشتیوانی یانەکەیان بکەن، ئەو یانەیەی بووەتە ژمارە (یەک) لە سلێمانی و یەکێک لە ژمارە قورسەکانی کوردستان و عێراق.

پرۆسەی چوون و گەڕانەوە بۆ بینینی یارییەکانی نەورۆز لە یاریگەی یانەكەدا، بووەتە کارێکی زەحمەتە، هەموو جارێک شەقامەکانی دەوروبەری یاریگە بەهۆی قەرەباڵغییەوە دەخنکێن و سەرئێشە بۆ خەڵک و هاندەران دروست دەکات.

یاریگەی نەورۆز لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانییە، ئەمڕۆش وەک جارەکانی دیکە هاندەرانی نەورۆز بەهەمان ناڕەحەتی گەیشتنە یاریگەکە و دواتر گەڕانەوە.

هاندەرانی یانەکە چاویان لەوەیە شارەوانی و هاتوچۆ چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەوانیش هیچیان پێ بکرێت، چونکە دەڵێن شوێنی یاریگەکە لەبار نییە و ئەوە هەموو هۆکاری کێشەکەیە

تازە وەک دەڵێن کار لە کار ترازاوە و وەزعە چارەیەكی پێویستە، بۆیە شارەوانیی  سلێمانی دەیەوێت هەرچی کردووە شتێکیان بۆ بکات

هەرچەندە ئەمە حاڵی هاندەرانی نەورۆزە، بەڵام ئەنجامەکەی ئەمڕۆ ئەو زەحمەتییەی لەبیر بردنەوە، چونكە تیپەكەیان لە یانەی حوسێنی بردەوە و گەیشتە قۆناغی هەشتی جامی عێراق.