بۆ مانگی رەمەزان لە سلێمانی
سەرجەم شوێنەكانی خواردنەوە و فرۆشتنی مەشروب دادەخرێن
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بڕیاردرا لە سلێمانی لە مانگی رەمەزاندا مەیخواردنەوە لە یانەكان نامێنێت و سەرجەم دوكانەكانی مەیفرۆشتنیش دادەخرێن، لیژنەكانی قایمقامیەتییش بەردەوام چاویان بەسەر بازاڕەوە دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26.2.2025 قایمقامی سلێمانی لەگەڵ بەشێك لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی كۆبووەوە و پلان و ئامادەكارییەكانی مانگی رەمەزانی پیرۆزیان خستەڕوو.
سەبارەت بەو ئامادەكارییانە، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، بۆ پاراستنی شكۆ و پیرۆزی مانگی رەمەزان، لیژنەیەكی تایبەتیان پێكهێناوە بۆ چاودێریكردن و داخستنی ئەو شوێنانەی كە ماددە كحولییەكانیان تێدا دەخورێتەوە، سەرجەم دوكانەكانی مەیفرۆشتنیش دادەخرێن و تا كۆتای مانگی رەمەزان ناكرێنەوە.
وتیشی، بۆ مانگی رەمەزان لە بەرەبەیانی زووەوە تا درەنگانی شەو لیژنەكانمان چاودێری دۆخی بازاڕ دەكەن، لە 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزانیشدا بە شەوانیش لیژنەكانمان بەسەر بازاڕەكانەوە دەگەڕێن و چاودێر دەبن بەسەر فرۆشیارانەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە مانگی رەمەزاندا زیاتر بەدواداچون دەكەین بۆ ئەو كاڵاو شتومەكانەی كە زیاتر بەكاردەهێنرێن، وەك شەربەت و شیرینیەكان، چاودێری بەردەوامیشمان دەبێت لە سەر نرخی بازاڕ بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی.
چاوەڕوان دەكرێت رۆژی شەممەی داهاتوو یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا