سیستمی سۆلار یەكێكە لە شێوازەكانی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر، كە وزەی پاكە
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای راپەڕین تۆمارکراون
لە دەڤەری راپەڕین 150 شوێن سیستەمی وزەی خۆریان بەستووە
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین دوایین ئاماری ئەو شوێنانەی بڵااوکردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا لە دەڤەرەکە سیستمی وزەی خۆریان بەستووە بۆ بەرهەمێنانی کارەبا و لە بەڕیوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین خۆیان تۆمار کردووە.
عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین بە 964ـی وت، هەر هاوبەشێكی كارەبا سیستمی وزەی خۆر دابنێت و تۆماری بكات، ئەو بڕە كارەبایەی دەگەڕێتەوە بۆ ناو تۆڕی كارەبای نیشیمانی مانگانە بە شێوەی (مەقاسە) لە خەرجیی كارەبا نیشتمانییەکەی دەردەكرێت.
وتیشی، بەپێی دوایین ئامار کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای راپەڕین تۆمارمان کردووە، تاوەکو ئێستا 150 شوێن سیستمی وزەی خۆر بەکاردەهێنن، کە لەوانە 137یان ماڵن، نۆ شوێنی بازرگانین، دوو شوێنی پیشەسازی، شوێنێکی کشتوکاڵی و یەک شوێنی میرییە، کە بەڕیوەبەرایەتی کارەبای راپەڕینە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان لەپێناو چاککردنەوە و پاک راگرتنی و دوورخستنەوەی لە گازە پیس و ژەهراوییەکان، دووەمیان لەپێناو کەمکردنەوەی لۆدی زۆر لەسەر هێڵەکانی کارەبا و دابینکردنی کارەبایەکی باشتر.
باسی لەوەشکرد، کۆی گشتی ئەو 150 شوێنەی کە کار بە سیستمی وزەی خۆر دەکەن، بەستراونەتەوە بەسیستەمی کارەبای نیشتیمانی و بەردەوام ئەوەی لەپێویستی خۆیان زیادە تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی دەکرێتەوە، کەدەکاتە نزیکەی بڕی 882 هەزار و 15 کیلۆ وات کارەبا.
“هیوادارم هاوڵاتییان زیاتر روو لە دابینکردنی سیستمی وزەی خۆر بکەن، چونکە هەم سوود بە ژینگە دەگەیەنن و هەمیش خۆیان رزگار دەکەن لەو بڕە پارە زۆرەی کە مانگانە دەیدەن بە کارەبا و لە رووی داراییەوە، بڕێکی زۆر پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە ئێمە کارەبا زیادەکەیان لێ دەکڕین.” عەلی محەمەد وای وت.
روونیشیکردەوە، لەوانەیە زۆر کەس و شوێن هەبن خاوەنی سیستمەکە بن و لای ئێمە خۆیان تۆمار نەکردبێت، بۆیە داوایان لێ دەکەین بێنو مامەڵەی تۆمارکردنیان بۆ بکەین، لەپێناو سوودی خۆیان.