بەم ئێوارەیە كرایەوە

شۆفێرانی بارهەڵگر بۆ کاتژمێرێک رێگای هەولێر بۆ کەرکوکیان داخست


کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەرامبەر خاڵی گومرگی رێگای کەرکوک – هەولێر شۆفێرانی بارهەڵگر دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە دژی ئەو رێگریانەی لێیان دەکرێت لە هێنانی بەرهەم و کاڵای هاوردە کراو.

شۆفێر قابیل حەمدی بە 964ـی وت، شۆفێر هەیە حەوت رۆژە رێگای پێنادرێت بارەکەی بهێنێتە ناو کەرکوک، تەنیا بۆ پارەیە، هاورێکەم دوێنێ هاتووە ئاسن و شێلمانی پێ بووە 800 دۆلاریان لێ وەرگرتووە، هێزە ئەمنییەکان رێگایان پێ کردینەوە هیچ بەڵێنێکیان پێ نەداوین.

هەڵمەت عەلی بە 964ـی وت، “لە قەپانی دارەمان بارەکەمان بە هەرچی جۆرە ئۆتۆمبێلێک دەهێنین، دەڵێن قەدەغەیە، هەرجارەو بیانوویەکمان پێ دەگرن، بارەکەم قاچاغ نییە و لە هەموو عێراق کێشەمان نییە، تەنیا لەم بازگەیە نەبێت، باشە ئەگەر قەدەغەیە بۆ پارە دەدەین و بێ کێشە داخلی کەرکوک دەبین، دوو رۆژە لێرەم رێگەم نادەن و داوای پارەمان لێ دەکەن”.

ئەم پێشهاتە یەكەمجار نییە روودەدات و پێشتریش هەمان كێشە لەو بازگە روویداوە، بە حیساب لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و ژووری بازرگانییەوە قسە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری بەغدا كرابوو ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.

رێگەكە كرایەوە

درەنگانی ئەم ئێوارەیە جێگری فەرماندەی پۆلیسی كەركوك عەمید شێرزاد مۆفەری هاتە بازگەكە و لەگەڵ شۆفێری بارهەڵگرەكان قسەی كرد و داوای كرد رێگاكە بكەنەوە، بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت، بەڵێنیشی  پێدان لەگەڵ پارێزگا و بەرپرسانی دیكەی كەركوك قسە بكات و كێشەكە چارەسەر بكات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا