"هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵان دەستی پێکرد"

لە خورماتوو ئامادەکاری دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی FMD

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە تێیدا زیاتر سێ هەزار سەر ئاژەڵ تووشی ڤایرۆسەکە  بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان مرداربوونەتەوە، ئێستا هەڵمەتێکی فراوانی کوتانی ئاژەڵەکان لە خورماتوو دەستیپێکردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە و هۆبەی ڤێتێرنەری قەزاکەش داوا لە ئاژەڵداران دەکات پەیوەندیان پێوە بکەن.

مەریوان سلێمان، ئاژەڵدارێکی خورماتووە بە964 ـی وت، ئێستا مەترسی کەوتووەتە سەر ئاژەڵەکانمان و لایەنی پەیوەندیداریش وەک پێویست هاوکارمان نین و ئەو دەرمانەی پێمان دەدەن کاریگەری ئەوتۆی نییە، ناچار دەبێت دەرمانی کاریگەرتر لە دەرەوە بکڕێن، کە ئەوەش نرخەکەی زۆرگرانە و لە کڕێن نایەن”.

نەجم هادی، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی ڤێتێرنەری خورماتوو بە 964ی وت، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کارمەندانی بەشی ڤێرتەرنەری قەزاکە هەڵمەتێکیان بۆ کووتانی ئاژەڵەکانی سنوورەکە و پشکنینی قەسابخانەکان بۆ رووبەروبونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەستیپێکردووە و رێنمایی پاراستن بە خاوەن مەڕوماڵاتەکان دەدەن و هەڵمەتەکەشیان بەردەوام دەبێت.

وتیشی، نیشانەکانی ڤایرۆسەکە سەرەتا تایەکی بەرزە کە دوو بۆ شەش رۆژ دەخایەنێت لە ئاژەڵەکەدا، دواتر تاڵە موویەکی جیاواز لە ناو دەم و سەری ئاژەڵەکە پەیدا دەبێت و توانای خواردن و بەرگریشیان لاواز دەبێت، بۆیە تیمەکانیان بەچڕی پشکنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەکەن کە هاوردەی سنوورەکە دەکرێت، چونکە ڤایرۆسەکە کوشندەیە و ئەگەر توشی هەر ئاژەڵێک ببێت هاو شێوەی پەتا بۆ ئاژەڵەکانی تریش دەگوازرێتەوە و لەماوەیەکی کەمدا لەناو دەچن”.

ڤایرۆسەکە ماوەی چەند رۆژێکە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەریهەڵداوەتەوە و زیاتر تووشی ئاژەڵە شیردەرە ماڵییەکان دەبێت، وەکو گامێش و مانگا مەڕو بزن، وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش رایگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیان لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی لە ناو عێراقدا كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام هێشتا ئاژەڵداران دەترسن و پێیان وایە پێویست دەكات ئاژەڵەكانیان بپارێزن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا