راماڵینی بەفر و پڕژاندنی خوێ لە سەر رێگای زینی وەرتێ – وێنە: بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەی و پاراستنی رێگاوبانی سۆران
داوایەک لە هاتوچۆی هەولێرەوە
ئۆتۆمبێلەکانتان مەبەنە ئەو رێگایانەی بەفریان لێباریوە و گیراون
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات، ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە ئەو رێگایانەی بەفریان لێباریوە و گیراون، بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو و کارەسات نەبن.
هێمن حەمەئەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، “بەهۆی سارد بوونی کەشوهەوا لەم چەند رۆژەدا لە ناوچە شاخاوییەکانی دەورووبەری هەولێر، بەفەرێکی باش باریوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە ئەو شوێنانەی کە رێگاکانیان بەهۆی بەفرەوە گیراوە یان ئەگەری هەیە لە شەودا بەهۆی ساردی کەشوهەوا رێگاکان بیبەستێ، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان گیر نەخوات یان بەهۆی خلیسکان تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبن”.
داوایشی لە شۆفێران و هاوڵاتیان کرد، رێنمانی لە مەفرەزەکانی هاتوچۆ وەربگرن و گوێڕایەڵیان بن کە لەو رێگایانەی بەفریان لێباریوە لە ئەرکدان، هەروەها پابەندی رێنمایی لێخوڕین بن لەکاتی بەفر بارین، بۆ ئەوەی دووربن لە کارەسات و رووداوی نەخوازراو.