
وێنەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی سوریا _ وێنە: ئاژانسەکان
"عێراق پێشینەی سەلامەتی هەیە"
لێدوانی نا بەرپرسانە دراوە؛ پەرلەمانتارێک نایەوێ شەرع بێتە عێراق
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەحمەد شەرع هێشتا نەهاتووەتە عێراق، کەچی پەرلەمانتارێكی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ، رێگە نادەین دوو پێی “محەمەد جۆلانی” ئەحمەد شەرع بگاتە عێراق، ئەوە حاڵێکدا، شەرع بۆ لووتکەی عەرەبی میوانداری کراوە.
هەر دوای ئەو قسانە، وتەبێژک بەناوی هێزە چەکدارەکان بە 964ی وت، ئەو لێدوانانەی پرسیار لەسەر ئاسایشی عێراق دروست دەکەن، نا بەرپرسانەن.
عەلی توركی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقون، كە باڵی سیاسی “عەسائیبی ئەهلی حەقە” بە كەناڵی “العهد”ی وتووە، نابێت حكومەتی عێراق بانگهێشتی بكوژێک بكات، ئەو پێشتر سەرۆکی دەستەی تەحریر شام بووە و بەشدار بووە لە کوشتاری خەڵک، پەیوەندی لەگەڵ سوریاش لە سەردەمی جۆلانیدا قبوڵ ناكەین.
بەرپرسانی عێراق نیگەرانییە ئەمنییەکانیان سەبارەت بە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتیی سوریا بۆ لووتکەی داهاتووی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا رەتدەکەنەوە، جەختیش لەوە دەکەنەوە پایتەخت سەقامگیرە و ئامادەکارییەکان بۆ رووداوە گەورەکانی ناوچەکە کراوە.
سەباح نوعمان، وتەبێژ بەناوی هێزە چەکدارەکان بە 964ی وت، بەغدا پێشینەیەکی سەلمێنراوی هەیە لە میوانداریکردنی کۆبوونەوە گەورەکان، ئەو لێدوانانەی کە پرسیار لە ئاسایشی شارەکە دەکەن نابەرپرسیارانەن، رەنگە هەوڵە ئەمنییەکان زیاتر بکرێن بۆ ئامادەکاری لووتکەکە، بەڵام دڵنیاین وڵات ئاستێکی بەرزی سەقامگیری ئەمنی هەیە.