دەستەی دەستپاكیی عێراق

“18 وەزیر دراونەتە دادگا و نۆ ملیار دۆلاریشمان پاراستووە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی دەستپاكیی عێراق “نەزاهە” ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2024 توانیویانە 18 وەزیر و ئەوانەی لە پلەی وەزیرن، راپێچی دادگا بكەن، بڕی نۆ ملیار دۆلار و 950 ملیار دیناریشیان لە بەفیڕۆدان پاراستووە.

دەستەی نەزاهەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 راپۆرتی ساڵی 2024ی خۆی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە كردووە، دەستەكەیان بڕیاری بانگكردن و دەستگیركردنی ژمارەیەك وەزیر و كەسانی بە پلەی وەزیر دەركردووە، هەروەها یاداشتی دەستگیركردنیان دەرهەق بە 418 كەسی پلەی تایبەت دەركردووە.

هەروەها دەڵێن 12 هەزار و 994 تۆمەتباریان راپێچی دادگا كردووە، كە 18 كەسیان وەزیر و لە پلەی وەزیردا بوون.

دەستەی دەستپاكیی عێراق باسی ئەوەشیان كردووە، لە ساڵی 2024 دەستەكەیان پێداچوونەوەی بە 71 هەزار 823 هەواڵ و دۆسیەی یاسایی كردووە و 19 هەزار و 683 فەرمانی دەستگیردن و راگرتن و بانگكردنیان دەركردووە.

لە بارەی كەیسە داراییەكانیش، دەستپاكیی عێراق ئاشكرای كردووە، رێگرییان كردووە لە بەفیڕۆدانی نۆ ملیار دۆلار و 950 ملیار دینار و گەندەڵییەكانیان ئاشكرا كردووە.

دەستەكە دان بەوەدا دەنێت، ساڵی رابردوو رێژەی هەڵئاوسانی دارایی و بەدەستهێنانی پارەی نایاسایی زیادی كردووە.

دەڵێت، لە لایەن هەرسێ سەرۆكایەتییەوە پاڵپشتیی دەكرێن و لە ساڵی رابردووشدا پەیوەندی و هەماهەنگییەكی بەهێزیان لەگەڵ لایەنە دادوەرییەكان هەبووە بۆ راگرتن و دەستگیركردنی تۆمەتباران.

دەستەی دەستپاكی وردبینی لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی كور...

دەستەی دەستپاكی وردبینی لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی كوردستان كرد