دیلان غەفور پەرلەمانتاری كورد:
“ئەوەی بەرامبەر جوتیارانی كورد دەكرێت جێگەی قبوڵ نییە”
964+
كاروان ساڵحی
دیلان غەفور پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، ئەوەی بەرامبەر جوتیارانی کورد دەكرێت، جێگای قبوڵکردن نییە، سبەینێ سەردانی فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەین دەربارەی کێشەی جوتیاران و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین.
دیلان غەفور ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا چەند رێکارێکی رۆتینی ماوە بۆ ئەوەی بڕیارەکە رەوانەی رۆژنامەی وەقائیعی زمانحاڵی حکومەتی عیراقی بکرێت، بۆیە داواکارین لە جوتیارانی کورد چەند رۆژێک دان بەخۆیاندا بگرن، تا بڕیارەكە بڵاودەبێتەوە.
دیلان غەفور هەروەها وتی، سەرجەم بڕیارەکان تا لەو رۆژنامەیە بڵاو نەکرێتەوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
غەفور ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی بەرامبەر جوتیارانی كورد قبوڵكراو نییە، سبەیش دەچنە لای فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان و قسەی لەگەڵ دەكەن.
ئەمڕۆ یەكشەممە جارێكی دیكە كێشە و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و جوتیارانی كورد لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری كەركوك بەرپا بوو، سوپای عێراق پەلاماری جوتیارانیان دا كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن.
لە ماوەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و زەوی ئەو كەسانەی پەسند كرد، كە بەهۆی بڕیارەكانی سەركردایەتی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، زەوی و موڵكەكانیان لێ زەوت كرا بوو، بەڵام بە قسەی دیلان غەفور هێشتا بڕیارەكە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاونەكراوەتەوە و بەمەش نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا