تەنیا لە 2025 دا
132 تۆن سەوزە و میوە لە عەلوەى کەلار دەستى بەسەرداگیراوە
964+
وریا فەتاح
لە دوێنێوە 32 تۆن پرتەقاڵ و لالەنگى و پەتاتە لە عەلوەى کەلار دەستیان بەسەرداگیراوە و لە 2025یشدا ئەوە 132هەمین تۆن بەرهەمە کە لە عەلوەى کەلار دەستى بەسەردا دەگیرێت.
دکتۆر محەمەد کوێخا زەند، بەڕێوەبەرى تاقیگەى کۆنتڕۆڵى جۆرى کشتوکاڵى گەرمیان بە 964ـى وت،” کاتژمێر 10ـى شەوى رابردوو، رێگریمان کرد لە هاتنەناوەوەى بارهەڵگرێکى گەورەى پەتاتەى خراپبوو، ئەوەش دواى ئەوەى لە تاقیگەکەمان پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا کە شیاوی خواردن نین و زیانیان هەیە بۆ تەندروستی هاوڵاتیان”.
ئاشکراشى کرد، بڕى پەتاتەکان 25 تۆن بوون و سەرجەمیان لەناوبران.
هاوکات هەمەر دوێنێ لە کاتژمیر 12ـى نیوەڕۆدا، تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵى جۆرى کشتوکاڵى گەرمیان، رێگریان کردووە لە بارهەڵگرێکى گەورەى پرتەقاڵ و لالەنگى خراپبوودا کە بە وتەى محەمەد زەند، بڕەکەى حەوت تۆن بووە.
هەروەک باسى دەکات، پرتەقاڵەکان توشى یەکێک لە نەخۆشییەکانى کەڕوو ببون، بۆ خواردن شیاو نەبوون و هەرکەس بیخوات توشى ژەهراویبوون و نەخۆشییەکانى ریخۆڵەى دەکات.
جەختیش دەکاتەوە، 24 کاتژمێر کۆنتڕۆڵی جۆری عەلوەی کەلار کار دەکات لە پێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان بە پشکنینی بەردەوام و لەناوبردنی ئەو سەوزەو میوە و بەروبومە کشتوکاڵیانەی کە شیاوی خواردن نین و لە پشکنینەکانیان دەرناچن.