ساتی چاککردنی سیستەمی بە زەوی گەیاندنی وێستگەی کارۆئاوی دوکان. فۆتۆ: کارەبای سلێمانی
سەلامەتی زیاتر دابیندەکات
کێشەی سیستمی بە زەوی گەیاندنی وێستگەی کارۆئاوی دوكان چارەسەرکرا
964+
ژووری هەواڵ
کێشەی سیستمی بە زەوی گەیاندنی وێستگەی کارۆئاوی دوكان چارەسەرکرا، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانیش دەڵێت، چارەسەرکردنەکە دەبێتە هۆی دابینکردنی سەلامەتی زیاتر و پاراستنی تۆڕی کارەبای وێستگەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16.2.2025، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، چەند ساڵێک بوو ئەو پلێتە مسەی کە بۆ سیستمی بە زەوی گەیاندنی وێستگەی کارۆئاوی دوكان بەکاردەهات، پچڕابوو، ئەمڕۆ لەلایەن تیمێكی هۆبەی چاکسازیی هێڵەكان بە هاوكاری هۆبەی ئامێرەكان چارەسەر کرا.
“ئەو کارە سوودێکی زۆری هەیە بۆ سەلامەتی و پاراستنی تۆڕی کارەبای وێستگەکە و بەنداوی دوکان”، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی وا دەڵێت.
بە زەوی گەیاندن بریتییە لە کۆکردنەوەی لۆدە کارەباییەکان و پاشان گەیاندنەوەی بە زەوی لە رێگەی شیشێکی مس و کەرەستەی تایبەت بەو کارە، کە ئەمەش سەلامەتی و جێگیرییەکی زیاتر دەدات بە کارەبای بەکار هاتوو، هەروەها زامنی سەلامەتیی گیانی بەکارهێنەر دەکات.
وێستگەی کارۆئاوی دوکان، توانای بەرھەمھێنانی 400 مێگاوات کارەبای ھەیە، بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئاوی بەنداوەکە دەبەستێت.