ئاسایشی گەرمیان: چەکدارێکی داعشمان دەستگیرکردووە

+964

فەرمان سادق

لەسنووری ئیدارەی گەرمیان شوانێک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا کە پێشتر چەکداری داعش بووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، کاتژمێرێک پێش ئێستا، دەستگیرکردنی شوانکارەیەکی راگەیاند کە پێشتر چەکداری داعش بووە.

ئاسایشی گەرمیان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێ: دوای هەڵمەت و گەڕانی بەردەوامی تیمەکانی ئاسایشی گەرمیان بۆ بنڕکردنی تیرۆر و لەناوبردنی مۆڵگەکانیان، لەچەند رۆژی رابردوودا هێزەکانمان زانیاری وردیان کۆکردەوە لەسەر هەبوونی چەکدارێکی داعش لەسنوورەکە کەکاری شوانکاری بووە و بەناوێکی ساختەوە، دەستبەجێ هێزەکانمان لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، ئەو شوانکارەیە بەناوی (س. ط. ع.) 32 ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکرا.

لەراگەیەنراوەکەی ئاسایش هاتووە کە ئەو شوانکارەیە ساڵی 2015 لە قەزای حەویجەی باشووری کەرکوک پێشینەی چەکداری هەبووە لەناو گروپی تیرۆریستی داعش.

“لەئێستادا بەپێی مادەی 2ـی تیرۆر و لەسەر بڕیاری دادوەر، شوانکارەکە لە بەشی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت” لە راگەیەنراوەکەی ئاسایش هاتووە و ئەوەش دەڵێ کە پێشتریش برایەکی ئەو کەسە دەستگیرکراوە کە تۆمەتی چەکداربوونی داعشی لەسەربووە.