یەک ملیار دۆلار تێچووەکەی دەبێت

لە چیای سەفین پڕۆژەیەکى گەورەى گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت

توانا نەقی

بە تێچووی ملیارێک دۆلار پرۆژەیەکی گەورە و ناوازەی گەشتیاری لە چیای سەفینی سنووری قەزای شەقڵاوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، لە ئێستادا پرۆژە گەشتیاریەکەی چیای سەفین لە دیراسەدایە و كار لەسەر داڕشتنی ماستەرپالانی دەکرێت، کە لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نموونەى نییە و بڕیارە ئەم ساڵ دیزاینی ماستەر پلانى پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

دەشڵێت، ئەو پرۆژە زەبەلاحە گەشتیارییە لە رێگەی گەورە کۆمپانیا جیهانیەکانەوە کە شارەزان لە پەرەپێدانی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت.

کاروان کەریم خان قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە 964ـی وت، پرۆژە گەشتیاریەکە زۆر گەورە دەبێت بۆیە دەبێت دیراسەکردنەکەی تەواو ببێت ئەو کاتە دەزانن لە چی و چی پێکهاتووە.

وتیشی، ساڵی پاریش بڕیاریان داوە پرۆژەی تەلەفریکی چیای سەفین جێبەجێ بکەن بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و رەنگە هەر لەگەڵ ئەم پرۆژە گەورەدا بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

جێگەى باسە، چیای سەفین ناوچەیەکی لەبارە و سەرچاوەیەکى سروشتى جوانى هەیە بۆ راکێشان و زیادکردنى ژمارەى گەشتیاران، پرۆژەى تەلەفریکیش لەم ناوچەیەدا هەنگاوێکی کردەیی گەورەیە بۆ پێشخستن و پەرەپێدان کەرتی گەشتوگوزار لە سنووری پارێزگای هەولێر.