لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى هەولێر پشکنین بۆ کەلوپەلێک دەکەن
لە هەولێر
لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى 10 کۆگاى خۆراکیان داخست
وریا فەتاح
ئەمڕۆ، لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى هەولێر سەردانى 15 کۆگاى خۆراکیان کردووە، 10 کۆگایان داخستووە و پسشوڵەى ئاگادارکردنەوەش بۆ 4 کۆگا کراوە و تەنیا یەک کۆگا دەستخۆشى لێکراوە.
هۆگر عەلى، بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بە 964ـى وت،”لیژنەکانمان بە هاوبەشى لەگەڵ پۆلیسى شارەوانى و ئاسایشى ئابورى، ئەمڕۆ لە ناوشارى هەولێر 15 کۆگاى کەلوپەلى خۆراکمان بەسەر کردەوە، بەڵام بەهۆى بوونى کەلوپەلى بەسەرچوو 10 کۆگامان داخست و پسوڵەى ئاگادارکردنەوەمان بۆ چوار کۆگا دەرکرد و تەنیا کۆگا پابەند بوو و دەستخۆشى لێکرا”.
وەک باسى دەکات، ئەو کۆگایانە کەلوپەلى خۆراکیان هەڵگرتبوو کە دەینێرن بۆ بازاڕ، بەڵام دواى پشکنین دەستگیرا بەسەر بڕێک کەلوپەلى بەسەرچووى وەک شەعرییە و کێک و نەستەلە و بەرهەمى پاککەرەوە.
روونیشى کردەوە، بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێیان دراوە ئەو 10 شوێنەى داخراون لە رۆژێک تا 10 رۆژ دەبێت دابخرێن، ئەوەش بەپێى قەبارە و بڕى ئەو بەرهەمە بەسەرچووەى لایان بووە، لە کاتى دووبارەکردنەوەش رووبەڕووى دادگا دەکرێنەوە.
لەبارەى سزادان و پێبژاردنیشیان، هۆگر عەلى وتى،”هەریەک لەو شوێنانەى دادەخرێن 50 تا 5 ملیۆن دینار سزاکەیان، دیسان ئەوەش بەپێى قەبارەى کەلوپەلى بەسەرچوو دەبێت”.