چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاژانسێكی ئێرانی

سەرۆكی هەرێم: رێگەنادرێت لە هەرێمەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران بكرێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئاژانسێكی هەواڵی ئێرانی دەڵێت، رێگەنادرێت لە هەرێمی كوردستانەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران بكرێت، ئاشكراشی دەكات 60%ی بازرگانیی عێراق و ئێران لە هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی كردووە و ئاژانسەكە چاوپێكەوتنەكەی ئەمڕۆ شەممە 15.2.2025 بە فارسی، ئینگلیزی و عەرەبی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێت، رێكارە ئەمنييه‌كان و چاودێريیه‌ سنوورییەکان بەهێز کراون، بۆ رێگریکردن لە هەر چالاکییەک، کە کاریگەری لەسەر سەقامگیريی سنوورەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هەبێت.

سەرۆكی هەرێم هەروەها دەڵێت، “لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و ئێران، خه‌ريكن كار له‌سه‌ر بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لە بوارە جیاکاندا ده‌كه‌ن”.

“رێژه‌ى ئاڵوگۆرى بازرگانيى نێوان عێراق و ئێران ساڵانه زياتر له  10 مليار دۆلاره، 60%ى له رێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌رێت، ده‌مانه‌وێت له چوارچێوه‌ى ياسا و رێسا عێراقييه‌كاندا ئه‌و رێژه‌يه هێشتا به‌رزتر بكه‌ينه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاسانکاری لە هه‌موو ئه‌و رێکارانه‌دا ده‌كه‌ين، كه پێويستن”، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وای وتووە.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە نەكردووە چاوپێكەوتنەكە لە كوێ و كەی كراوە، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێستا لە ئەڵمانیا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشدارە.