وتیان مەچۆ بۆناو بەفر
هاوڵاتییەک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەناو بەفر رزگارکرا
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە چەندینجار تیمەکانى بەرگرى شارستانى هاوڵاتیان و شۆفێرانى ئاگادار کردەوە کە لە کاتى بەفربارین خۆیان لە شوێنە سەختەکان نەدەن، بەڵام وەک پێویست هاوڵاتیان گوێیان بەوەنەدا هەتا لێیان قەوما.
ئەمڕۆ هەینى، تیمەکانى بەرگرى شارستانى سۆران ئاگادارکرانەوە لەگیرخواردنى هاوڵاتییەک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کە لە سنوورى گوندى زێت لە سنوورى ناحیەى شێروان مەزن، گیرى خواردبوو.
وەک ئەوەى بەرگرى شارستانى سۆران بڵاوى کردووەتەوە، تیمەکانیان چوون بۆ رزگارکردنى و توانیویانە بەسەلامەت رزگارى بکەن.
ماوەیەک بەفر بەشێکى زۆر لە ناوچە سەختەکانى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە، بەرگرى شارستانى و هاتوچۆش چەندینجار شۆفێرانیان ئاگادار کردووەتەوە کە نەچنە ناوبەفر، بەڵام بەشێکیان پابەند نابن و دواتر داواى بەهاناوەچوون دەکەن.
لە ماوەى یەک دوو هەفتەى رابردوو، ئیشوکارى تیمەکانى بەرگرى شارستانى سۆران بووە بە رزگارکردنى ئەو هاوڵاتى و ئۆتۆمبێلانەى لەناو بەفر گیر دەخۆن.