باخێکى دارخورما لە عێراق...وێنە: ئاژانسى دەنگوباسى عێراق
لە 5 ساڵى داهاتوودا
عێراق پلانى داناوە ژمارەى دارخورماکانى بگەیەنێتە 30 ملیۆن
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى کشتوکاڵى عیراق رایدەگەیەنێت، پلانێکى چڕیان هەیە بۆ زیادکردنى ژمارەى دارخورماکان بۆ 30 ملیۆن لە ماوەى 5 ساڵى داهاتوودا.
ژمارەى دارخورماکان لە ئێستادا سەروو 22 ملیۆنە
محەمەد خەزائى، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عیراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى راگەیاند، عێراق شایەدى بوژانەوەیەکى گەورەیە لە ژمارەى دارخورماکانیدا، چونکە ئێستا ژمارەى دارخورماکان 22 ملیۆنى تێپەڕاندووە.
بە وتەى وتەبێژى کشتوکاڵى عێراق، لە نێو ئەو پڕۆژانەى بۆ بوژاندنەوەى دارخورماکان هەیە، پڕۆژەى کۆمپانیاى موهەندیسە کە زیاتر لە یەک ملیۆن دارخورماى چاندووە، ئەمە جگە لەوەى پڕۆژەکانى مەزارگە پیرۆزەکانى کەربەلا و نەجەف کە سەرلەنوێ دەستکراوە بە چاندنى دارخورما.
هەروەک باسى دەکات، عێراق سەرکەوتووبووە لە چاندنى جۆرە نوێیەکانى دارخورماى کوالێتى بەرز کە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بە نرخێکى زۆر دەفرۆشرێن.
جەختیش دەکاتەوە، بەو پلانانەى دایانناوە بۆ چاندنى دارخورما، لە پێنج ساڵى داهاتوودا بەربەستى 30 ملیۆن دارخورما تێدەپەڕێت ئەوەشى بە دەستکەوتێکى گەورە بۆ عێراق داناوە.
“عێراق پێگەی سروشتی خۆی لەنێو وڵاتانی دیار لە بازاڕی جیهانی خورما و خورمادا بەدەستدەهێنێتەوە، نەک تەنها لەڕووی کشتوکاڵەوە، بەڵکو لە پیشەسازییەکانی پەیوەست بە خورما کە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراون”، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق وادەڵێت.
بڕیاربوو عێراق تا کۆتایى ئەمساڵ ژمارەى دارخوماکانى بۆ 25 ملیۆن دار بەرز بکاتەوە، لهكاتێكدا نیو سهده لهمهوبهر ژمارهى دارخورماكان له عێراق 32 ملیۆن بووه.