لە سنوری ئامێدی
بەهۆی بەفرەوە 12 گەنج لەناو گوندەکەیان گیریانخواردووە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
لە گوندی ئورە لە سنوری قەزای ئامێدی شەو و رۆژێکە 12 گەنج بەهۆی بەفربارین گیریانخواردووە، موختاری گوندەکەش دەڵێت، پەیوەندیان بە تیمێکی رێگاوبانەوە کردووە بۆ کردنەوەی رێگای گوندەکە.
لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە 13.2.2025، 12 گەنجی گوندی ئورە چوونەتەوە گوندەکەیان و بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە.
ئەحمەد بەرواری موختاری گوندی ئورە بە 964ـی وت، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 14.2.2025 پەیوەندیم پێوەکرا کە 12 گەنج لە دوێنێوە چوونەتەوە گوندەکەمان بۆ بەسەربردنی پشووی هەینی، چۆنکە خانوویان لەوێ هەیە، بەڵام خواردنی پێویستیان لەگەڵ خۆیان نەبردووە”.
“بەهۆی بەفربارینی بەردەوام رێگای گوندەکە داخراوە و ئەو 12 گەنجە گیریانخواردووە”، ئەحمەد بەرواری وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی بە تیمی رێگاوبانی ناحیەی کانی ماسێـوە کردووە و پێیانوتووە کە تا چەند کاتژمێرێکی تر رێگای گوندەکە دەکەنەوە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کانی ماسێ، لە دوێنێوە تائێستا 10 بۆ 15 سانتیمەتر بەفر لەو ناوچەیە باریوە.
گوندی ئورە دەکەوێتە ناحیەی کانی ماسێ لە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
بەهۆی بەفرەوە خەڵکێکی زۆر لە چیای گارە گیریان خواردووە
بە وێنە.. بەفر رێگەی دهۆک ئامێدی داخست و پەروەردەش پشووی راگەیاند
