زێڕ بێ باڵە و فڕیوە
لەماوەی شەش مانگی رابردوو دەفتەرێك دۆلاری چووەتەسەر
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ماوەی شەش مانگ دەبێت، نرخی زێڕ رووی لەبەرزبوونەوە كردووە و لەساڵی 2025یشدا نرخێكی مێژوویی تۆماركرد و سەرۆكی سەندیكای زێڕەنگەرانی سلێمانیش دەڵێت، “پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەكرێت”.
دلێر تاهیر سەرۆكی سەندیكای زێڕەنگەرانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەم ماوەیە نرخی بەرزبوونەوەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، چەند هۆكارێكیش هەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەوانە، بوونی خواستێكی زۆر لەسەری، بێكاری و هەڵاوسانی ئابووری لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شەڕو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەش هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخەكەین.
وتیشی، ئێستا نرخەكەی زۆر بەرزە و یەك كیلۆ زێڕ، گەیشتووەتە 930 هەزارو حەوت سەد دۆلار، عەیاری 21یش لەبازاڕدا بە 400 دۆلارە كە دەكاتە 601 هەزار دینار، عەیاری18یش بە 345 دۆلار كە دەكاتە 518 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەرزبوونەوەی زێڕ پڕۆسەی هاوسەرگیری و جوڵەی بازاڕی ئەوانیشی پەكخستووە، لەبەرئەوەی ئەگەر خەڵكی پێشووتر توانای كڕینی 20 مسقاڵ زێڕی هەبوایە، ئێستا ئەوپارەیە تەنیا پێنج مسقاڵ دەكات، پێش گرانبوونی نرخەكەی مانگانە 10بووكمان هەبوو، بەڵام ئێستا مانگانە سێ بووكمان هەیە، خەڵكی پەیوەندیمان پێوەدەكەن لەكاتی دابەزین ئاگادارییان بكەینەوە، بۆئەوەی هاوسەرگیری بۆ كوڕەكانیان ئەنجام بدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەمكاتەدا خەڵكی زێڕ بكڕن باشترە، لەبەرئەوەی بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، لە ساڵی رابردووەوە تائێستا لە كیلۆیەكدا 10 هەزار دۆلار چووەتەسەر نرخەكەی، ئەگەر هیچ بارودۆخێك نەیەتەپێشەوە، پێشبینی ئەوە دەكات نرخەكەی زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە 100هەزار دۆلار بۆ یەك كیلۆ زێڕ.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر