دوو ماتۆڕى گەیاندنى خواردن لەسەر شەقامێک
مۆڵەتى لێخوڕین و ماتۆڕى کارەبایى و بێدەنگ
لەمەودوا ماتۆڕەکانى دیلیڤەرى پابەند دەکرێن
964+
وریا فەتاح
هاتوچۆى هەولێر رایدەگەیەنێت، لەمەودوا کۆمپانیاکانى گەیاندنى خواردن ناچار دەکرێن بە جێبەجێکردنى رێساکانى هاتوچۆ سەلامەتى گەیاندن لەلایەن ماتۆڕسوارانەوە ئەویش لە رێگەى تۆمارکردنى ماتۆڕەکانیان و هەڵواسینى تابلۆ و بەکارهێنانى ماتۆڕى کارەبایى و بێدەنگ.
هاتوچۆى هەولێر بڵاوى کردەوە، پاڵپشت بە کۆبوونەوەى رێکەوتنى 10ـى شوباتى 2025، لە نێوان بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرێوەبەرى هاتوچۆى هەولێر و کۆمپانیاکانى گەیاندنى خواردن- دیلیڤەرى. بڕیاردرا بە جێبەجێکردنى ئەم خاڵانە:
یەکەم: پابەند کردنی ماتۆرسوارانی گەیاندنی خواردن بە تۆمارکردنی ماتۆرەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، سەرجەم ماتۆر سواران دەبێت مۆڵەتی لێخورینی ماتۆڕیان هەبێ، لەماوەی شەش مانگ دوای دەرچونی ئەم نوسراوە. هەر ماتۆرێک مەرجەکانی تۆمارکردن و سەلامەتی تێدانەبێت نابێت دەرفەتی کارکردنی پێبدرێت لەلایەن کۆمانیاکانی گەیاندنی خواردن. بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکە سزا دەدرێت.
دووەم: ئەو ماتۆڕسوارانەی گەیاندنی خواردن کە لە رابردوو بێ تابلۆ و تۆمارکردن لەلاتان کاریان کردوە سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆیان کردوە و سزایی دارایان هاتۆتە سەر. بە ناسینەوەی لۆگۆی تایبەت بە کۆمپانیاکانتان ئەوا بەرپرسیاریەتی کەمتەرخەمی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکانتان. رەزامەندین لەماوەیەک کەدرێژتر نەبێت لە 31.12.2025 پێبژاردنەکە بەشێوازی پشک (قسط) بدرێت، لەگەڵ سود وەرگرتن لە ڕێژەی داشکاندن بەپێی ڕێنمایی سزادارایەکان لەبەڕێوە بەرایەتی هاتووچۆی تایبەت مەند یەکلابکەنەوە تا 31.12.2025 لەدوای ئەم ڕێکەوتە بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان رووبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی و ڕاگرتنی کارەکانی دەکرێت.
سێیەم: کۆمپانیاکان پێویستە پابەند بن بە رەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بڕیاری (١٧٢)ئەنجومەنی وەزیران، هەر بیانیەک لە کۆمپانیاکانتان کار بکات پێویستە نیشینگەی هەرێمی هەبێت و بەسەر نەچوبێت وەمۆلەتی لێخورینی ماتۆڕی هەبێت، هەرەوەها ئەوانەی خواردن دەگوازنەوە بۆماڵان لەلایەنی ئەمنی و پاشخانی تاوان بەڵگەنامەی بێ تاوانی پێشکەشتان بکەن و لەناو دۆسیەکانیان پارێزراو بێت.بەپێچەوانەوە کۆمپانیەکە بەرپرسیارەیەتی یاسایی هەڵدەگرێت.
چوارەم: بۆ ڕەچاوکردنی میزاجی گشتی هاوڵاتیان پارێزگاری کردن لە پیس نەبونی ژینگە پێویستە بۆ گەیاندنی خواردن بۆ گەرەکەکانی ناوشار لەڕێگەی ماتوڕی کارەبایی و بێدەنگەوە بێت. بەگشتی سەرجەم ماتۆڕەکان دەبێت لەڕووی دەنگەوە بێزار کەر نەبن.
پێنجەم: بۆ سەلامەتی گیانی ماتۆر سوارەکان پێویستە ماتۆر سوارەکان پابەند بن بەلەسەر کردنی کڵاوی سەر وجل و بەرگی تایبەت. لەبەر بارو دۆخی ئەمنی پێویستە هەرکۆمپانیایەک جلوبەرگی تایبەت بەخۆی هەبێت لۆگۆی تایبەت بە کۆمپانیاکەی لەسەر بێت. پێویستە ماتۆرسوارەکان پابەندی یاساو ڕینمایەکانی هاتووچۆ تایبەت بە لێخورینی سەلامەت بن و ژیانی خۆیان و بەکارهێنەرانی شەقام نەخەنە مەترسی .