دیمەنی ناحیەی پیرەمەگرون - وێنە: 964
گردبوونەوە کراوە
کارەبای پیرەمەگروون: کەمی ڤۆڵتییەی ناحیەکەمان چارەسەر دەکەین
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
نزیكەی سێ هەفتەیە، كارەبای پیرەمەگروون دوو بۆ چوار كاتژمێر كەمیكردووە، وە گرفتی (ئۆڤەر لۆد)، كوژانەوەی زۆر و كەمی ڤۆڵتییەشی هەیە، بەڕێوەبەری وێستگەی كارەبای پیرەمەگرون دەڵێ، لە ئەم ئێوارەوە ڤۆڵتییەكەیان بەرزدەكەینەوە و ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر دەكەین.
ناحیەی پیرەمەگروون پێویستی بە 32 مێگاوات كارەبایە، بۆ ئەوەی هەموو دانیشتوانەكەی بەیەكەوە كارەبایان پێ بدرێ، پێویستە ڤۆڵتییە كەمبكرێتەوە، لە دۆخێکی وادا، خەڵك داوا دەکەن ڤۆڵتییە بەرزبكرێتەوە لەبەرئەوەی ئامێرەكانیان کار ناكەن، لە کاتێکدا هەر محاویلەیەك بەرگەی 330 ئەمپێر دەگرێت كە دەكاتە 5.5 مێگاوات.
سەبارەت بە دۆخی كارەبای ناحیەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12.2.2025 سەردار فارس بەڕێوەبەری وێستگەی كارەبای پیرەمەگرون بە 964ی وت، نزیكەی سێ هەفتەیە، كارەبای پیرەمەگرون كەمكراوەتەوە، هەر ئێمەش نین و كارەبای زۆربەی ناوچەكان كەمكراوەتەوە، وە لۆدێكی زۆر لەسەر وێستگەی پیرەمەگرون هەیە، بەهۆی ئەو لۆدەوە كارەباكە ئۆڤەر لۆد دەكات، بۆ پارێزگاریكردن لەتۆڕەكە و نەكەوتنی محاویلەكان زۆرجار ناچاردەبین كارەبای چەند گەڕەكێك ببڕین و لۆدەكە كەمبكەینەوە.
بۆ چارەسەری ئەو لۆدەش محاویلەیەكی 32 مێگاواتی بۆ وێستگەكەغان زیادكراوە، چاوەڕێی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتن بۆ ئەوەی دوو فیدەریان لەمحاویلەكەوە بۆ دەربكات بۆ ناوەندی ناحیەكە و بەزیادكردنی ئەو دوو فیدەرەش لۆدی سەر محاویلەكەیان نامێنێت.
بەڕێوەبەری کارەبای پیرەمەگروون دەڵێت، راستە كارەباكەمان كەمكراوەتەوە، بەڵام لەزۆر شوێنیش باشترین و لەشەو رۆژێكدا زیاتر لە 12كاتژمێر كارەبامان هەیە، چواری ئێوارە تا چواری بەرەبەیان كارەبامان نابڕێت، داوا لەخەڵكی پیرەمەگروون دەكەم بۆ كەمكردنەوەی لۆدەكەش، هاوكارمان بن و كەمتر ئامێرە كارەباییەكان دابگیرسێنن، تا فیدەرە تازەكان دەخەینەكار و ئەو گرفتە چارەسەر دەكەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12.2.2025 ژمارەیەك لە گەنجانی پیرەمەگرون، بەهۆی خراپی دۆخی كارەباوە لەسەر رێگای سەرەكی سلێمانی – دوكان گردبوونەوە و بۆماوەی 30 خولەک رێگاكەیان داخست، بەڵام دواتر هێزەئەمنییەكان بڵاوەیان پێكردوون و بۆ رێگریكردن لەسەرهەڵدانەوەشی، هێزەكە لەشوێنی گردبوونەوەكە جێگیركران.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا