خۆپیشاندەرانى خەلەکان ئیشى خۆیان کرد
“کارکردن لە رێگاى چوارقوڕنە- دوکان بە باشى بەڕێوە دەچێت”
964+
وریا فەتاح
خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان بەبەلاش کۆڵیان لە خۆپیشاندان نەدا، ئەوەتا کارکردن لە پڕۆژەى دوو سایدى چوارقوڕنە – دوکان، بەباشى بەڕێوە دەچێت و “لە ماوەى 12 بۆ 14 مانگ، کارەکان تەواو دەکرێت”، چاودێرى خۆپیشاندەرانیش رۆژانە چاودێرى کارەکانى کۆمپانیا دەکات.
مانگى رابردوو بۆ ماوەى نزیکەى 10 رۆژ، دانیشتوانى خەلەکان و 15 گوندى سنوورەکە، لە کانى وەتمان خێوەتیان هەڵدا و رێگاکەیان گرت و هاتوچۆى ئیدارەى راپەڕین بۆ سلێمانیان پەکخست.
داواکارى ئەوان دووبارە دەستپێکردنەوە بە کارکردن بوو لە پڕۆژەى دووسایدى چوارقوڕنە- دووکان، هەربۆیە بەڵێنیان وەرگرت و رێگاکەیان کردەوە.
ئێستا کارکردن لە رێگاکە دەستیپێکردووەتەوە؟
964 سۆراغى ئەو بابەتەى کرد و ویستى بزانێت کارکردن لە پڕۆژەکە چۆن بەڕێوە دەچێت، بە وتەى عومەر محەمەد کە کۆمپانیاى ئەکشن لایەنى جێبەجێکارى قۆناغى دووەمى پڕۆژەى رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکانە و قسەى بۆ 964 کردووە،”کارکردن زۆر بە باشى بەڕێوە دەچێت، گرفتیان نییە و ئەگەر باران و کەشە ساردەکە نەبوایە قیرکردنیشیان دەستپێدەکرد”.
باسى لەوەشکرد، هەرچەندە لەوکاتەوەى دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە، بەڵام جێگرى سەرۆکى حکومەت بەڵێنى داوە جارێکى دیکە پڕۆژەکە لەسەر پارە پەکى نەکەوێت.
روونیشى کردەوە، لە ئێستادا کۆمپانیاکە رۆژانە بە 40 ئامێر و بۆماوەى هەشت کاتژمێر ئیشى تێدا دەکەن و کارەکانیان بریتییە لە بڕین، پڕکردنەوە، تێکەڵکردن، ئامادەکارى هونەرى و ئامادەکردنى قیر.
خاوەنى کۆمپانیاى ئەکشن جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر گرفتى دارایى دروست نەبێت، لە ماوەى 12 بۆ 14 مانگى داهاتوو رێگاکە تەواو دەکرێت.
خۆپیشاندەران رۆڵیان چییە؟
ئەوان بە بەڵێنى دووبارە دەستکردن بە کار لە پڕۆژەکە دەستیا لە خۆپیشاندان هەڵگرت، ئێستاش دوور نەکەوتوونەتەوە و بە وتەى محەمەد حسێن، یەکێک لە رێکخەرانى خۆپیشاندانەکە کە بۆ 964 قسەى کرد، لە کارکردن رازین و کۆمپانیاکە بەباشى کارەکانى دەکات.
روونیشى کردەوە، رۆژانە دوو موراقیب لە خۆپیشاندەران لەوێن و چاودیرى کارەکان دەکەن، وەک دەڵێت،”خاوە خاومان قبوڵ نییە و دەبێت بە باشى کاربکرێت، خۆ ئەگەر جارێکى دیکە کارکردن بوەستێنن، رێگا دەگرنەوە و دەرفەتى گفتوگۆش نامێنێت”.
ئەوان هەر چاودێرى کاکردنى کۆمپانیاکە ناکەن، تەنانەت رێنمایشیان پێدەدەن، ئەوەتا مۆڵەتیان داوە تا 15ـى مانگ دەبێت ئیشکردن لە پردى بێستانە دەستپێبکاتەوە، وەک دەڵێت، ئەوە چاوەڕێن بزانن 15ـى مانگ دەیکەن یان نا.
پڕۆژەى رێگاى دوسایدى چوارقوڕنە- دوکان چییە؟
پڕۆژەى رێگاى دووسایدى چوارقوڕنە بۆ دوکان، پڕۆژەیەکى گرنگ و ستراتیژى، ئیدارەى راپەڕین، هەولێر و سلێمانى بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەند دەبوایە لە 2014 تەواو بکرایە، بەڵام زیاتر لە 13 ساڵە بە تەواو نەکراوى ماوەتەوە و ناوە ناوە کارى تێدا دەکەن و دواتر دەوەستێت.
ئەوەى ئێستا ئیشى تێدادەکەن چەند کیلۆمەترە و کوێ دەگرێتەوە؟
964 سۆراغێکى وردى بۆ کارەکانى پڕۆژەکە کردووە و دەستى گەیشتووە بە وردەکارى گرفت و کێشەکان.
پڕۆژەکە لە مەفرەقى حاجیاوا، واتا لە دەروازەى چوارقوڕنەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە قەزاى دوکان و نزیکەى 55 کیلۆمەترە.
پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:
قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت و درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە و 95 لەسەدى کارەکانى لە پێش 2021 تەواو بووە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت و هێڵکارى و ئەندازەیى و هەندێ وردەکارى ماوە.
قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا نزیکەى 10 کیلۆمەتر پێش ئەوەى بگەیت بە قەزاى دوکان و درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و گوژمەکەى 54 ملیار دینارە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت، ئەوەى ئێستا کارى تێدا دەکرێت و بڕیارە تا نزیکەى 14 مانگى داهاتوو تەواو بکرێت ئەم قۆناغەیە.
قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دەستى لێنەدراوە.
لەماوەى رابردوودا، دانیشتوانى دۆڵى خەلەکان بۆ ماوەى 10 رۆژ گردبوونەوە و رێگاکەیان داخست، داواکارى سەرەکیشیان دەستکردن بە کارکردن بوو لە پڕۆژەکە، هەر بۆیە بە بەڵێنى دووبارە کارکردنەوە، کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.
"ئەمجارە بە قورسى کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدى (چوارقوڕنە - دوکان) دەستپێدەکاتەوە"