F-16ی عێراقی
لە كەركوك و سەڵاحەدین داع*ش* بۆردومان كرا
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، چەند مەفرەزەیەكی چەكدارانی داع*ش* لە ناوچەكەی دەوروبەری كەركوك و سەڵاحەدین بۆردومان كران.
شانەكە راگەیاندراوی بڵاوكردەوە و دەڵێن، بەپێی زانیاریی ورد لە لایەن هەواڵگریی سەربازییەوە، فڕۆكەی F-16 مەفرەزەیەكی چەكدارانی داعش*ی*ان لە ناوچەی پەلكانە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین كردووەتە ئامانج و بە تەواوی لە ناویان بردوون.
شانەكە هەروەها لە راگەیاندراوێكی دیكەدا ئەوەیان باس كرووە، دوێنێ یەكشەممە لە دۆڵی زەغیتون لە پارێزگای كەركوك فڕۆكەی F-16ی عێراقی مەفرەزەیەكی چەكدارانی داع*ش*ی كردووەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی زانیاری وردیان لە هەواڵگریی سەربازی وەرگرتووە و شوێنی مەفرەزەكەیان دیاریی كردووە.
هێرشی هێزە عێراقییەكان و بە تایبەتی بە فڕۆكەی F-16 بۆ سەر گرووپە چەكدارە تیرۆریستییەكان بەردەوامە، هەفتەی رابردووش لە هێرشكێدا ژمارەیەك چەكداری داعشیان هەر لە سنووری پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین لەناوبرد.