"لە هیچ ئیمزایەکم پەشیمان نیم"

لە ماوەی 14 ساڵی کارکردنیدا 1022 قەڵەمی بەکارهێناوە

ژێوار خدر

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی راپەڕین هەموو ئەو قەلەمانەی کۆکردووەتەوە کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە کاتی ئەرکەیدا بەکاریهێناون و ژمارەیان 146 قەڵەمە.

ئاودێر عەزیز، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی راپەڕین بە 964ـی وت،”لەم دوو ساڵەی دوایی کە بەڕێوەبەرى پاسپۆرتم هەر بۆ خۆشی ئەو قەڵەمانەم کۆکردووەتەوە، کە بۆ ئەرکەکەم بەکارمهێناون”

وەک باسى دەکات، لەماوەى ئەو دوو ساڵەدا 146 قەڵەمى بەکارهێناوە و لەماوەى 14 ساڵى کارکردنیشى 1022 قەڵەمى بۆ راییکردنى کاروبارى هاوڵاتیان، بەکارهێناوە.

“تەواوی ژیانم و لە ماوەی 14 ساڵی کارکردنم، هەرگیز کارێکی نایاسایی و سەرپێچییەکم نەکردووە، کە لەسەر کارەکەم و کەسایەتیم بکەوێت و لە هیچ کام لەو ئیمزا و نوسینانە پەشیمان نیم، کە بەو قەڵەمانە کردبێتم.” ئاودێر عەزیز وای وت.