وێنەى پاڵاوگەیەکى سووتەمەنى لە سنوورى سلێمانى...وێنە: فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى
لەسەر بۆنە ناخۆشەکەى شارەزوور
کارگەیەک و دوو کۆمپانیاى سووتەمەنى دران بە دادگا
964+
وریا فەتاح
بە تۆمەتی پیسبوونی ژینگە و بڵاوکردنەوەى بۆنی ناخۆش، کارگەیەک و دوو کۆمپانیای سووتەمەنی سنووری عەربەت دران بە دادگا.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، ماوەیەکە بەهۆى ئەو بۆنەی کە لەهەوادا بڵاو بووەتەوە و دانیشتوانى قەزاى شارەزوور و هەردوو ناحیەى عەربەت و زەرایەن و دەورووبەرى بێزار کردووە، مەفرەزەکانیان بەدواداچوونیان دەستپێکرد و کارگەیەک و دوو کۆمپانیاى سووتەمەنیان رووبەڕووى دادگا کردنەوە.
لاى خۆیەوە، هێمن کەمەرخان، وتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بە 964ـى وت،”ئەو کارگە و کۆمپانیایانە سەرچاوەى بۆنە ناخۆشەکەى قەزاى شارەزوور بوون و پابەندى رێنماییە ژینگەییەکان نەبوون، بۆیە شوێنەکەیان پێداخراوە و داومانن بە دادگا”.
جەختیش دەکاتەوە، بەردەوام چاودێریان دەکەن و هەر کارگەیەک پابەند نەبێت رووبەڕووى رێکارى یاسایى دەکەنەوە و لە ماوەى رابردووش بە هەمان شێوە لە عەربەت کارگەیەکى دیکەى سووتەمەنیان رووبەڕووى دادگا کردووەتەوە.