"300 ملیۆن دیناری بەخشیوە"
هاوڕێ خەمی هەژارانی خەلیفانی لە کۆڵ ناوە
ئاکام غەفور – سۆران
هاوڕێ، بووە بە هاوڕێی هەژارانی سنوری خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، هەر کەسێک لێی بقەومێت و دەستی کورت بێت، ئەو کەمپینی بۆ دەکات و بڕە پارەی پێویستی بۆ کۆدەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەش خۆی پاسی پێیە و بژێوی ژیانی لەسەر کرێی نەفەرەکانیەتی.
ئەو گەنجە تەمەن 34 ساڵە، بووە بە پشت و پەنا بۆ هەژاران و لە ماوەی شەش ساڵی کاری خۆبەخشی، زیاتر لە 300 ملیۆن دیناری عێراقی کۆکردوەتەوە بەسەر هەژاران دابەشی کردووە، یان ئاسانکاری بۆ خەمی قوتابی، نەخۆش و چەندین چینی کۆمەڵگە کردووە.
964 لەگەڵ هاوڕێ رەشید دەچێتە ماڵێک کە گەنجێکە، کێشە لە جومگەکانی قاچی هەیە و پێویستە بە نەشتەرگەری قاچێکی درێژ بکاتەوە، بەڵام نەداری رێگر بووە لەوەی نەشتەرگەرییەکە بکات و هەر بەهۆی ئەو نەخۆشیەش ئەم گەنجە نەیتوانیوە هاوسەرگیری بکات و توانای کارکردنی نیە، هاوڕێ دەیەوێت لە رێگای کەمپینەوە پارەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ کۆ بکاتەوە.
هاوڕێ رەشید بە 964 وت، هەرچەندە خۆم پیشەم شۆفێری پاسە، بەڵام لە منداڵیەوە حەزم لە کاری بەخشین بووە، چێژێکی زۆر لەم کارە خێرخوازییە دەبینم، بەڵێنیشم بە خودا داوە هەرگیز خیانەت لە ئەمانەتی خەڵک نەکەم و هەرکەس پێویستی بە یارمەتی بێت بە هانایەوە بچم.
باس لەوەشکرد، خێرخوازی باش هەیە، کە کەمپین دەکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک پارە دەنێرێت و جاری وا هەبووە، خێرخوازێک یەک دەفتەر دۆلاری بەخشیوە بە نەخۆش، لە ماوەی کاری خێرخوازیش کۆمەڵێک چیڕۆکی خۆش و ناخۆشی بەسەر هاتووە بۆ 964ـی دەگێڕێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا