لە خورماڵ
ناسنامەیەک دابنێ و چوار کاتژمێر پاسکیل بێبەرامبەر بەکاربھێنە
ئەمەل ناجی – خورماڵ
ئەمڕۆ 9.2.2025 پرۆژەی پاسکیلسواری خورماڵ کرایەوە، کە پرۆژەیەکی خێرخوازیە و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 30 پاسکیل لە وێستگەیەکدا لە بەردەم بینای ناحیەی خورماڵدا دانراون و خەڵکی دەتوانن بێبەرامبەر بەکاریانبھێنن و کارەکانی رۆژانەی خۆیانی پێبکەن و دواتر بیگەڕێننەوە ناو وێستگەکە.
لوقمان حەمەسەعید، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە 964ـی راگەیاند:” بیرۆکەی پرۆژەکە ھی دکتۆر محەمەد خانیە و پێشکەشی سەرمایەداری ناوچەکە حاجی تاھیر سەرگەتی کراوە و ئەویش سپۆنسەری کارەکەی گرتووەتە ئەستۆ، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجەش کارمەندێکی دابینکردووە کە رۆژانە لە وێستگەکە دەبێت بۆ سەرپەرشتی کردنی پێدان و وەرگرتنەوەی پاسکیلەکان بە ھاوڵاتیان.
بە وتەی لوقمان حەمەسەعید لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا نزیکەی 30 پاسکیل دابینکراون و بە پێی داواکاری ھاوڵاتیان دەکرێت ھەم پاسکیلەکان و ھەمیش وێستگەکان زیادبکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی