شەش مانگە گوندی دڕەش بێ ئاوە

+964

هیڤی دێوالی

نزیکەی شەش مانگە بیری ئاوەکەیان وشک بووە و شارووانی بە تانکەر ئاویان بۆ دابیندەکات، بەڵام خەڵکی گوندی دڕەش دەڵێن بەهۆی خراپی رێگەی گوندەکەیان وەک پێویست ئاویان بەدەست ناگات.

سیروان مەسعود، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندی دڕەشە لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێ: لە مانگی ئابی 2022 بیری گوندەکەمان وشکی کردووە، تا ئێستا بۆمان چاک نەکراوەتەوە.

گوندی دڕەش، دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک.

هەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشکرد زۆرجار بەهۆی خراپی رێگەی گوندەکە، تانکەری ئاوی شارەوانی ناگات، وتیشی “هەفتەی رابردوو تانکەرەکە نەهاتە گوند، بۆیە ناچار بووین ئاوی باران کۆبکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی پیویستییەکان”.

زرار هەرکی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەزای ئاکرێ بۆ تۆڕی964 وشکبوونی بیری ئاوی گوندەکەی پشتڕاست کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت تاوەکو بیرێکی نوێیان بۆ لێدەدرێت.

وتی “هەفتەی رابردوو بەهۆی باران بارین و خراپی رێگەی گوندەکە، تانکەری ئاوەکە نەیتوانی ئاو بگەیەنێتە ماڵەکان”.

بە قسەی بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ بێت، 19ـی ئەم مانگە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە بیرێکی نوێ بۆ گوندەکە لێدەدرێت.