سبەینێ شەممە

شەپۆلێکى باران و کڕێوەبەفر گەرمیان دەگرێتەوە

964+

وریا فەتاح

بەپێى پێشبینى کەشناسان بێت، سبەینێ شەممە، شەپۆلێکی سەرماو باران و کڕێوەبەفر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی گەرمیان دەگرێتەوە و کەشناسیش دەڵێت،”تێکەڵەى بەفر و باران دەبارێت”.

سیروان ساڵح، پێشبینیکارى رەوشى کەسوهەوا بە 964ـى وت،”بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و قوڵبونەوەی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی سیبری رووسی، لە بەرەبەیانی سبەینێ شەممە تاوەکو شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ئەگەری کڕێوەبەفر هەیە لە زۆربەی ناوچه شاخاوییەکان”.

ئەو پێشبینیکارە پێى وایە، 5 ملیم باران و 5 سانیتمەتر بەفر، ئەگەرى بارینى هەیە.

روونیشى کردووەتەوە، شەپۆلەکە لە ناوچەکانی گەرمیان کاریگەری زیاتر دەبێت، لە تەواوی بەرزاییەکانی باکووری گەرمیان و ناوەڕاستی گەرمیانیش ئەگەری باران و کڕێوە بەفر هەیه.

باسى لەوەشکردووە، ئەگەرهەیە لە بەرزاییەکانی نێوان کەرکوک و چەمچەماڵ و نێوان ناحییەی رزگاری بەرەو ناحییەی سەنگاو و بەرزاییەکانی نێوان کەلار پێباز بۆ شێخ تەویل و بەرزاییەکانی داری خلە بڕێکی کەم بەفر ببارێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، لەو شەپۆلەدا بڕی بارانبارین لەگەرمیان لە نێوان  5 تاوەکو 10 ملم دەبێت لە بەرزایی زیاتر لە 400 مەتر ئەگەری یەک سانتیمەتر بەفر هەیە، لە زنجیرە چیاکانی باکووری گەرمیان بڕی بەفرەکە زیاتر دەبێت.

“بەهۆی ئەگەری بارینی کڕێوەبەفر پلەکانی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و لەکاتەکانی شەودا پلەکانی گەرمی لە تەواوی ناوچەکانی گەرمیانیش چەند پلەیەک دەچنه ژێر سفری سەدییەوە”، سیروان ساڵح وا دەڵێت.

هەروەک پێشبینى دەکات، شەپۆلەکە لە شەوی شەممە لەسەر یەکشەمە کۆتایی بێت و بۆماوەی چەند رۆژێک پلەکانی گەرمی بەنزمی بمێننەوە.

لاى خۆیەوە، کەشناسى هەرێم بڵاوى کردووەتەوە کە پێشبینى دەکرێ سبەى شەممە شەپۆلێکى کورت خایەنى بارانبارین لە کاتەکانى بەرەبەیان لە باکورى ڕۆژئاواى هەرێمەوە بەرەو بەشێک لە ناوچەکانى دەشتى هەولێر و کەرکوک و خورماتوو و بەشێک لە ناوچەکانى گەرمیان دەستپێبکات و لە کاتەکانى ئێوارەشدا ناوچەکانى سلێمانى و هەڵەبجەش دەگرێتەوە.

“ئەگەر هەیە لە هەندێ ناوچە تێکەڵەی بەفر و باران بێت بەتایبەت شارى سلێمانى وە بەشێک لە ناوچە شاخاویەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى هەرێم”، کەشناسى هەرێم وا دەڵێت.

گەرمیان به‌هۆى كه‌مبارانى مەترسی وشکەساڵی لێ نیشتووه...

گەرمیان به‌هۆى كه‌مبارانى مەترسی وشکەساڵی لێ نیشتووه‌