ڤیزا بۆ سینگڵ نییە

بازرگان و خاوەنكارانی كوردستان كێشەی وەرگرتنی ڤیزای ئیماراتیان هەیە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

چەند مانگێكە وڵاتی ئیمارات ڤیزا بە هاوڵاتیانی سینگڵی كوردستان و عێراق نادات، ئەوانەشی كاری بازرگانی دەكەن كێشەیان بۆ دروست بووە، ئەندامێكی ژووری بازرگانیی هەولێریش دەڵێت، كێشەكەمان گەیاندووەتە كونسڵخانەی ئیمارات.

لەوەتەی ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە ئیمارات ڤیزای چوونە ئەو وڵاتە، بە هاوڵاتیانی سینگڵی كوردستان و عێراق نادات، بۆ ئەمەش ئەگەری چەند هۆكارێك هەیە، بەڵام حكومەتی ئیمارات هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی بە ئۆفیسەكانی فرۆشتنی ڤیزا لە كوردستان و عێراق نەداوە.

هێمن هەولێری، كاری بازرگانی لە نێوان هەولێر و دوبەی دەكات، ئەو ئیقامەی لە ئیمارات هەیە و كێشەی نییە، سەبارەت بە كێشەكە بە 964ی وت، كێشەكە بە روونی دیار نییە چییە، بەڵام پێدەچێت پەیوەندی بە كارتی بانكی و جیاوازی نرخی دۆلار بۆ گەشتیار و بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆی عێراق هەبێت، كە ماوەیەك دەچوون بۆ ئیمارات و دۆلاریان بە نرخی فەرمی بانک لە فڕۆكەخانە وەردەگرت و دواتر لە ئیمارات رایاندەكێشا،  كە 100 دۆلار بە (132 هەزار دینار)ـە.

كاروان مستەفا، كاسبكارێكی هەولێرە و كاری هێنانی كەلوپەل و پێلاو دەكات لە دوبەی، بە 964ی وت، ئێستا ئیمارات ڤیزا تەنیا بە خانەوادەكان دەدات، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە و ئێمە كە بۆ كاروكاسبی دەچینە دوبەی، چی لە خێزان و منداڵ بكەین بیانبەین بۆ ئەوێ.

وتیشی، داواكارین حكومەتی هەرێم و ژووری بازرگانیی هەولێر چارەسەرێكمان بۆ بكەن، چونكە ئەم گرفتە بۆ ئێمە گەورەیە و كاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی و بازاڕیش كردووە.

هەر لە بارەی ئەو گرفتە، هونەر عومەر، خاوەنی كۆمپانیای دابینكردنی ڤیزایە لە هەولێر و سەبارەت بە كێشەی ڤیزای ئیمارات، بە 964ی راگەیاند، نوێترین بڕیار كە دراوە سەبارەت بە پێدانی ڤیزا، پیاو تەمەنی 43 ساڵ بێت و ژنیش لە سەرووی 18 ساڵ بێت، دەتوانن ڤیزا وەربگرن و بە تەنیا سەفەر بكەن.

وتیشی، ڤیزای سینگڵ بۆ ماوەی 30 رۆژە و یەكجار دەتوانی گەشتی پێ بكەیت، ڤیزای مەڵتی بۆ سێ مانگە و دەتوانی چەند جارێك هاتوچۆی پێبكەیت، پێم وایە ئەو بڕیارە ئیمارات بەشێكی پەیوەندی بەوە هەبوو، هەندێك هاوڵاتی لە عێراق و كوردستانەوە بە ڤیزای سینگڵ  زیاتر لە ماوەی خۆی لە ئیمارات دەمانەوە، ئەمە جگە لە بابەتی كارتی بانك و مامەڵەی دۆلار، كە ئەویش كێشەیەكی دیكە بوو بۆ ئیمارات.

هونەر عومەر ئەوەشی باس كرد، پێشتر بە یەك رۆژ ڤیزا وەردەگیرا، ئێستا 5 بۆ 10 رۆژی دەوێت و رێوشوێنەكان گۆڕاون.

هەروەها پێشتر لارا هێرش کارمەندی بەشی خزمەتگوزارییەکان لە کۆمپانیایەکی گەشتیاری سلێمانی،  بە 964ی وتبوو، ئەوەی بە ئەوان وتراوە لەبەر دوو هۆکارە، بەشێک لەو کەسانە ناگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، هەندێک لەو کەسە سینگڵانە کێشە و ئاژەوەیان بۆ ئەو وڵاتە دروست کردووە.

ژووری بازرگانیی هەولێر چی دەڵێن؟

ئەم پرسەمان لەگەڵ كامەران محەمەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر باس كرد و ئەویش بە 964ی راگەیاند، ئەوان وەك ژووری بازرگانی كێشەكەیان گەیاندووەتە كونسڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و گرفتەكەیان لەگەڵ باس كردوون، وتیشی، “كونسڵخانە وەڵامێكی ئەوتۆیان پێ نییە و ئەوانیش گرفتەكەیان بە سەرووی خۆیان گەیاندووە، بەڵام بە ئێمەیان وتووە هیچ شتێك لە دەست ئەوان نییە و بڕیارە لە لایەن حكومەتەوە لە ئیمارات دراوە”.

ئیمارات بە رێکارێک دارەکەی لەسەری سینگڵەکاندا شکاندوو...

ئیمارات بە رێکارێک دارەکەی لەسەری سینگڵەکاندا شکاندووە