"ترشە سماق نییە"

پێکهاتەیەک پەیدا بووە لەبری ترشە سماق بە خەڵک دەفرۆشرێت

964+

ژووری هەواڵ

لە حاجیاوا دەستگیرا بەسەر 150 کیلۆ لە جۆرێک تێکەڵە کە بە حسابی ترش (سماق) بە هاوڵاتییان فرۆشراوە و قایمقامیەتی رانیە دەڵێت، زیانی بۆ تەندروستی هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.2.2025، کارزان سلێمان سەرپەرشتیاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە 964ـی وت، جۆرێک لە ترشی دەستکرد پەیدا بووە کە پێکهاتەکەی بریتییە لە کەپەکی گەنم و جۆ و لیمۆندزی و خوێ و رەنگی دەستکرد و تامی لیمۆ، “بەڵام هیچ پەیوەندی بە ترشەوە نییە و گونجاو نییە بۆ خواردن”.

“لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە هاوبەشی بەشی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەرین، پشکنینیان بۆ جۆرێک لە تێکەڵەی هاڕاو کردووە کە لە کۆگاکان دەفرۆشرا بە ترش”، سەرپەرشتیاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە وای وت.

دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی فیزیایی و کیمیایی لە تاقیگە، دەرکەوت ئەو تێکەڵەیە لە هاڕاوەی کەپەکی گەنم و جۆ و لیمۆندزی و خوێ و رەنگی دەستکرد و تامی لیمۆ، “کە خواستێکی زۆری لەسەر هەیە لە بازاردا بەڵام تەندروست نییە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بە تایبەت منداڵان”.

بەگوێرەی راگەیەندراوی قایمقامیەتی رانیە، ئەو جۆرە تێکەڵەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرهەم دەهێنرێت کە پێچەوانەی رێنماییەکانە و ئەم بەرهەمە ژمارەی مۆڵەت و شوێنی دروستکردنی و ناونیشانی لەسەر نییە.

“خاوەن کۆگا و مارکێت و دەسگێڕەکان ئاگادار دەکەینەوە، ئەم جۆرە لە هاڕاوە سوورکراوە تام و رەنگ کراوە دەستکردە، بەکار نەهێنن بەپێچەوانەوە رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، پێویستە بەرهەمی ترشی خۆماڵی و رێگەپێدراو بکرێت بە جێگرەوەی لە بازاردا، کە بەهای خۆراکی هەبێت”، کارزان سلێمان وای وت.

لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە 731 سەردانیان کردووە

لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە 731 سەردانیان کردووە