مەرزی کێلێ. وێنە :964
لە دیوى ئێرانەوە
بەهۆى بەفربارینەوە لە مەرزى کێلێ ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووە
وریا فەتاح
بەهۆى بارینى بەفرێکى زۆرەوە، لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانى مەرزى کێلێ ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،”سەرەڕاى بارینى بەفر، بەڵام تیمەکان لەوێن و بەردەوام رێگاى مەرزى کێلێ پاک دەکەنەوە و لە دیوى باشوورى کوردستان هیچ گرفتێک نییە و هاتوچۆ ئاسایییە”.
روونیشى کردەوە، لە دیوى ئێرانەوە رێگاى مەرزەکە پاک نەکراوەتەوە و کێشەى هاتوچۆى دروستکردووە.
وەک باسى دەکات، زۆر جار دیوى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستانى مەرزى کێلێ دواى ماوەیەک رێگاکە پاکدەکەنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆى دروستبوونى گرفتى هاتوچۆ لە مەرزەکەوە.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.
بەقسەی عەباس عەزیز، لە ئێستادا رۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر لە مەرزى کێلێوە هاتوچۆ دەکەن و 800 بۆ 1000 کەسیش لە نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان، دێن و دەچن.