هاتوچۆ وه‌ستاوه
بەفربارین له دیوى ئێران مه‌رزى كێلێی داخستووه
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفرو بارانەی رووی لە هەرێم کردووه‌ته‌وە، لە مەرزی کێلێ ئاستەنگی بۆ شوفێرانی بارهەڵگر له‌دیوى هه‌رێمی كوردستان دروست بووه و له‌دیوى ئێرانیش رێگاكه داخراوه، گومرگی راپەڕینیش دەڵێت رێگاکەى خۆیان پاککردووه‌تەوە له دیوى ئێرانیش خه‌ریكن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، تیمەکانی رێگاوبان، رێگای مەرزی کێلێیان پاککردووەتەوە، چاوەڕێن له دیوى ئێرانیش پاكی بکه‌نەوە تاوه‌كو هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.
وتیشی “ئەمشەو بەفرێکی زۆر باریوە و بارهەڵگرەکان نەیاندەتوانی بچنە مەرزەکەوە، به‌ڵام ئێستا به‌لاى هه‌رێمه‌وه هاتوچۆ ئاسایی بووه‌ته‌وه”.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.
بە پێی زانیاریەکانی بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بێت، رۆژانە 150 بارهەڵگر لە مەرزى کێلێوە هاتوچۆ دەکەن نزیکی هه‌زار کەسیش لە نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان، دێن و دەچن.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن
60 مەتری قه‌ڵادزێ بۆ پارككردنى بارهه‌ڵگرانى مه‌رزى كێلێ قه‌ده‌غه‌كرا
