باوک و دایکی منداڵە فڕێدراوەکەی سلێمانی دەرکەوتن
میدیازان – هێڤی خالید – سلێمانی
باوک و دایکی ئەو منداڵە کچە شەش مانگییە دۆزرانەوە، کە شەوی شەممەی ڕابردوو لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی لەناو خانوویەکی چۆڵدا فڕێ درابوو.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: باوک و دایکی منداڵەکە عەرەبن و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەیەکی خۆیانەوە چوونەتەوە بەسڕە و منداڵەکەشیان لە ماڵی دایکی پیاوەکە جیهێشتووە.”
وتیشی: “باوکی منداڵەکە خوشکێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و نەخۆشی دەروونیی هەیە، دوای دوو ڕۆژ لە منداڵەکە بێزار دەبێت و دەیباتە ناو خانووێکی چۆڵەوە جێی دەهێڵێت.”
ڕووداوەکە رۆژی شەممەی ڕابردوو لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی ڕووی داوە، دوای جێهێشتنی، منداڵەکە دەست دەکات بە گریان و دراوسێکان دەچن هەڵیدەگرنەوە و پەیوەندیی بە پۆلیسەوە دەکەن. ئەو خانووەی منداڵەکەشی تێدا فڕێدراوە سێ گەڕەک لە ماڵی دایکی پیاوەکەوە دوورە.